Accessibility links

پوتن دەڵێت پشتیوانی سەربازی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا هەڕەشەیە بۆ سەر ڕوسیا


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن
سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن دەڵێت پەرەسەندنی پشتیوانیە سەربازییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا هەڕەشەیەکی مەترسیداری بۆ سەر ڕوسیا دروستکردووە، ئەمەش دوو ڕۆژ دوای ئەوەی وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا جەختی لە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کردەوە و پشتیوانی لە خواستی ئۆکرانیا کرد بۆ چوونەپاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ.

پوتن بە ڕۆژنامەنووسان و شارەزایانی ڕوسیای وت سەردانەکەی ڕۆژی سێشەممەی لوەید ئۆستن بۆ ئۆکرانیا، کە تیایدا وتی هیچ وڵاتێکی سێیەم مافی ئەوەی نیە ڤیتۆ دژی خواستی ئۆکرانیا بەکاربهێنێت بۆ هاتنە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، بەشێوەیەکی کاریگەرانە ڕێگەی بۆ ئۆکرانیا خۆشکرد تاوەکو بچێتە ناتۆوە.

پوتن وتی وابێت یان نا، بەرژەوەندییەکانی ڕوسیا کرانە ئامانج.

پوتن وتی " بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا بە فەڕمی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا لەوانە نیە ڕووبدات، بەڵام پەرەسەندنە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە، ئەمەش بەڕاستی هەڕەشە بۆ سەر ڕوسیا دروست دەکات. ئێمە ئاگاداری ئەوەین."

دوابەدوای دەست بەسەراگرتنی دورگەی کرێمیای ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە و هەڵگیرسانی جەنگ لە هەمان ساڵدا لەنێوان جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیادا، ئەمەریکا بووە گەورەترین پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا.

جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، حکومەتی ئۆکرانیاش دەڵێت ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی 14,000 کەس.

بەرپرسانی مۆسکۆ چەند جارێک بە ڕوونی ئاماژەیان بەوەداوە ئەگەر ئۆکرانیا بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، ئەوا بەو کارە هێڵێکی سووری ڕوسیا دەبەزێندرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG