Accessibility links

لاڤرۆڤ: پێم وانیە ململانێکان لە ئۆکرانیا پەرەبسەنن بۆ جەنگی ناوەکی


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ وتی پێم وانیە ململانێکان لە ئۆکرانیا پەرەبسەنن بۆ جەنگی ناوەکی، بەڵام ئەمەریکا و ئەوروپای ئاگادارکردەوە لەوەی ڕووسیا هەرگیز جارێکی دیکە نایەوێت پشت بە ڕۆژئاوا ببەستێت.

ئەمە یەکەمین جارە لەدوای ساڵی 1991 ەوە کاتێک یەکێتی سۆڤیەت ڕووخا، ڕووسیا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئابووری ببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژئاوا سزایەکی کەمەرشکێنی سەپاندووە بەسەر ئابووری و سیستمی دارایی ڕووسیادا.

کاتێک لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆژنامەی کۆمەرسانتی ڕووسییەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا پێی وایە جەنگی ناوەکی هەڵبگیرسێت، لاڤرۆڤ لە تورکیا لە وەڵامدا وتی " نامەوێت بڕوا بەوە بکەم، بڕواشم پێی نیە."

لاڤرۆڤ کە لە ساڵی 2004 ەوە وەزیری دەرەوەی ڕووسیای ڤلادیمیر پوتنە، وتی تەنها ڕۆژئاوا باس لە جەنگی ناوەکی دەکات، وتی وەکو سیگمەند فڕۆید هەموو جارێک دەگەڕێنەوە سەر بابەتی جەنگی ناوەکی.

لاڤرۆڤ دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیادا لە تورکیا وتی " بێگومان کاتێک ڕۆژئاوا وەکو فڕۆید بەردەوام دەگەڕێتەوە سەر باسکردنی ئەو بابەتە، هۆکارێکمان دەدەنێ بۆ نیگەران بوون."

لاڤرۆڤ وتی ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر وڵاتانی باڵتیک، لیتوانیا و لاتیڤیا و ئیستۆنیا کە ئێستا سەرجەمییان ئەندامن لە یەکێتی ئەوروپا و ناتۆدا، " کۆمەڵێک قسەی کۆنی دروستکراون تاوەکو وەکو ڕاستی دەربکەون."

لە 27 ی مانگی دوودا پوتن هێزە ناوەکییەکانی ڕووسیای خستە ئامادەباشییەوە، دواتر بەرپرسانی ڕووسیا ڕەخنەیان لە لێدوانەکانی بەڕیتانیا گرت سەبارەت بە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا و هاوپەیمانێتی ناتۆ.

پوتن دەڵێت " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا " پێویستە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی ڕووسیا، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمەریکا هاوپەیمانێتی ناتۆی فراوانکرد بۆ نزیک سنوورەکانی ڕووسیا و پشتیوانی لە ڕابەرانی ئۆکرانیا کرد.

ئۆکرانیا دەڵێت شەڕ بۆ بوونی خۆی دەکات، ئەمەریکا و ئەوروپییەکان و هاوپەیمانان سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیایان کردووە، چینیش داوای دان بەخۆداگرتن دەکات.

ئێستا کاتێک ڕۆژئاوا کۆمەڵێک سزای ئابووری توندی سەپاندووە بەسەر ڕووسیادا، لاڤرۆڤ وتی ڕووسیا پشت دەکاتە ڕۆژئاوا و خۆی لەگەڵ سزا ئابوورییەکاندا دەگونجێنێت.

لاڤرۆڤ وتی " بە دەروون و ویژدانێکی نوێوە لەم قەیرانە دەردەچین، چیتر هیچ خەیاڵێک ناکەینەوە لەسەر ئەوەی پێمان وابێت ڕۆژئاوا هاوبەشێکە پشتی پێدەبەسترێت. هەرچی لەتواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی چیتر جارێکی دیکە پشت بە ڕۆژئاوا نابەستین لەو بوارانەی ژیانماندا کە بەلای گەلەکەمانەوە زۆر گرنگن."

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕووسیا، لاڤرۆڤ وتی ڕووسیا هەوڵ نادات هیچ کڕیارێک ناچار بکات وزەی ڕووسی بکڕن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG