Accessibility links

ڕوسیا پێشنیاری بەستنی کۆنگرەی ئاشتی دەکات


ڕوسیا جەختی لە پشتیوانی خۆی بۆ پێشنیارەکەی فەڵەستین کردەوە بۆ بەستنی کۆنگرەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەدا بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕایگەیاند دەیەوێت پەیوەندییە پچڕاوەکان لەگەڵ فەڵەستینیەکاندا زیندوو بکاتەوە.

ئەمەریکا لەمیانەی دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی " واشنتن دەیەوێت دووبارە بە یەکسانی متمانە بە فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل بکاتەوە." ئاماژەشی بەوەدا دەیەوێت پڕۆگرامی یارمەتیەکان بۆ فەڵەستینیەکان دەستپێبکاتەوە.

دوای ئەوەی ئاماژە بەوەدرا مۆسکۆ پشتیوانی لە پێشنیارەکەی سەرۆکی فەڵەستین مەحمود عەباس کردووە بۆ ئەنجامدانی دانوستانێکی نێودەوڵەتی لە سەرەتای ساڵی 2021 دا، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ وتی وڵاتانی دیکەش لەوانەش سعودیە واپێشبینی دەکرێت بەشداری لە کۆنگرە نێودەوڵەتیەکەدا بکەن.

مەحمود عەباسی سەرۆکی فەڵەستین لە مانگی دوانزەی ساڵی ڕابردوودا پێشنیاری بەستنی ئەو کۆنگرەیەی کرد.

لاڤرۆڤ لە کۆبوونەوەیەکدا وتی " پێشنیار دەکەین کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی وەزاری لە بەهار و هاوینی ساڵی 2021 دا ببەسترێت."

لاڤرۆڤ ئەوەشی خستەڕوو پێدەچێت 10 وڵات بەشداری کۆنگرەکە بکەن، لەوانەش ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان و میسڕ و ئەردەن و ئیماڕات و بەحرەین و ئەندامانی لیژنەی چوارینە کە بۆ بابەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکهێندراوە و هەریەک لە " ڕوسیا و ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا دەگرێتەوە ".

وتیشی " زۆر گرنگە سعودیەش کە پشتیوانی لە دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی دەکات بانگهێشت بکرێت."

ئاماژەشی بەوەدا ڕوسیا هێشتا ئامادەیە میوانداری " کۆبوونەوەی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینیەکان بکات لەبەرزترین ئاستدا."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG