Accessibility links

هاوپەیمانانی پوتن لە ئێران کۆدەبنەوە، لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێواری شەڕی فراوانتردایە


سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ
سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا بڵاویکردەوە سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ ڕۆژی دووشەممە گەیشتووەتە تاران، ئەوەش بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردایەتی ئێراندا و لەگەڵ سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیانیشدا کۆدەبێتەوە.

سەردانەکە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادییان کردووە و ترس و نیگەرانی هەیە لەسەر کەوتنەوەی شەڕێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییەی سەرکردەی سیاسیی حەماس لە تاران.

ئێران ئیسڕائیلی بە بەرپرس داناوە لە کوژرانی هەنییە و وتوویەتی دەبێت " سزای " ئیسڕائیل بدات. ئیسڕائیل بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

ئینتەرفاکس وتی شوێگۆ کە پێشتر وەزیری بەرگری ڕووسیا بوو و لە مانگی پێنجدا پۆستە نوێیەکەی وەرگرت، لەگەڵ سەرۆکی ئاسایشی نیشتیمانی ئێران و سەرۆک ئەرکانی گشتیشدا کۆدەبێتەوە.

دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، مۆسکۆ هەوڵی پەیوەندییەکی نزیکتری داوە لەگەڵ ئێراندا و وتوویەتی ئامادەکاری دەکات بۆ واژۆکردنی کۆمەڵێک ڕێککەوتنی هاریکاریی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا.

لە مانگی دوودا ڕووسیا وتی ئێران ژمارەیەکی زۆر لە موشەکی باڵیستیکی داوە بە ڕووسیا. ئەمەریکا لە مانگی شەشدا وتی ڕووسیا پەیوەندییە بەرگرییەکانی لەگەڵ ئێراندا قووڵتر دەکاتەوە و سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی لە ئێرانەوە وەرگرتووە و دژی ئۆکرانیا بەکارییان دەهێنێت، مۆسکۆش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو ڕووسیا سەرکۆنەی کوشتنی ئیسماعیل هەنییەی کرد و وتی " ئەو جۆرە کارانە دەرەنجامێکی زۆر مەترسیدارییان دەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG