Accessibility links

خامنەئی: پێویستە ئێران و ڕوسیا پێکەوە کار بکەن بۆ گۆشەگیرکردنی ئەمەریکا و گەڕاندنەوەی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا


تەلەفیزیۆنی ئێرانی بڵاویکردەوە ڕابەری ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی بە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتنی وتووەپێویستە تاران و مۆسکۆ هاریکارییەکانی نێوانیان زیاتر بکەن بۆ گۆشەگیرکردنی ئەمەریکا و یارمەتیدان بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئێران و ڕوسیا گرنگترین هاوپەیمانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدن لەکاتێکدا ئەمەریکا و تورکیا و زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی لەو هێزە چەکدارانە دەکەن کە لە دژی بەشار ئەسەد دەجەنگێن.

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا کۆبۆوە بە مەبەستی پاراستنی پەیوەندییەکانیان لەو کاتەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هەڕەشەی کشانەوەی ئەمەریکای کرد لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکە.

تەلەفیزیۆنی فەڕمی ئێران لە زاری خامنەئییەوە بڵاویکردەوە " هاریکارییەکانی نێوانمان دەتوانێت ئەمەریکا گۆشەگیر بکات. ناتوانرێت نکۆڵی لە شکستی ئەو تیرۆریستانە بکرێت کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات بەڵام ئەمەریکا بەردەوامن لە پلانگێڕانەکانیان."

بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا خاکێکی زۆری سوریای کۆنتڕۆڵکردەوە و لەژێر دەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆندا دەری کردن و لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی سوریاش خاکێکی زۆری لەژێر دەستی ڕێکخراوی داعشدا دەرهێنا لەو کاتەوەی کە ڕوسیا لە ساڵی 2015 دا بەشداری لە شەڕەکە کرد و ئێرانیش یارمەتییە سەربازییەکانی بۆ ئێران زیاد کرد.

مۆسکۆ ئێستا هەوڵدەدات ئەم سەرکەوتنانە بەردەوامی پێبدات لەڕێی سیاسەتێکی نوێوە لەوانەش بەستنی کۆنگرەیەک بۆ هەموو لایەنەکانی سوریا کە وابڕیارە لە 18 مانگی یانزەدا لە کۆمەڵگەی سوچی لەسەر دەریای ڕەش ببەسترێت سەرەڕای ئەوەی لایەنێکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن ڕەتی کردەوە بەشداری لەو کۆنگرەیەدا بکات.

لێدوانەکانی سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی هاوشێوەی لێدوانەکانی خامنەئی بوون کاتێک وتی ئێران و ڕوسیا دەتوانن پێکەوە بەرپەرچی تیرۆر بدەنەوە لە ناوچەکەدا.

ڕۆحانی لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا پوتن و سەرۆکی ئازربایجان ئیلهام عەلیف وتی " هاریکارییەکانی نێوانمان یارمەتی داوە لە شەڕماندا دژی تیرۆر لە ناوچەکەدا، پێکەوە دەتوانین ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکەدا بگێڕینەوە."

لەلای خۆشیەوە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی گەشەکردنێکی ئەرێنی هەیە لە ڕەوشی سوریا و ئەو دانوستانە ئاشتیانەی کە ئەنجام دەدرێن بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکە.

پوتن لە لێدوانێکیدا لەگەڵ سەرۆکی ئێران و سەرۆکی ئازرباینجاندا وتی وڵاتێک بە تەنها ناتوانێت بارودۆخی سوریا چارەسەر بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG