Accessibility links

بەرپرسانی ڕۆژئاوا: ڕووسیا تۆڕێکی ئینتەرنێتی مانگێکی دەستکرد لە ئۆکرانیا لەکاردەخات


ئەمەریکا و بەڕیتانیا و کەنەدا و ئیستۆنیا و یەکێتی ئەوروپا وتیان ڕووسیا لەپشت هێرشێکی ئەلیکترۆنی گەورەوە بووە کە تۆڕێکی ئینتەرنێتی مانگێکی دەستکردی لە ئۆکرانیا لەکارخستووە و لە ئەنجامدا هەزاران مۆدیۆم لەکارکەوتوون.

هێرشە ئەلیکترۆنییەکە لە کۆتایی مانگی دوودا کاتێک سوپای ڕووسیا هاتە ناو ئۆکرانیاوە ڕوویداوە و تۆڕی ئینتەرنێتی ڤیاساتی کردۆتە ئامانج. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ئامانج لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکە " تێکدانی کۆنتڕۆڵ و پەیوەندییەکانی ئۆکرانیا بووە لە ماوەی داگیرکارییەکەدا، ئەو کارانەش کاریگەرییان لەسەر وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش هەبووە."

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس وتی هاککردنی تۆڕی ئینتەرنێتی مانگە دەستکردەکە " بە مەبەست و کارێکی خراپ بووە " و ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاش وتی " هێرشەکە بووەتە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکان " لە ئۆکرانیا و کۆمەڵێک وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا.

پچڕانی هێڵی ئینتەرنێتی ڤیاسات دیارترین هێرشی ئەلیکترۆنییە کە لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە ئەنجام درابێت، بەشێک لە هۆکارەکەشی ئەوە بووە کە هێرشەکە کاریگەرییەکی دەستبەجێی هەبووە لەسەر بەکارهێنەرانی هێڵەکە لە سەرانسەری ئەوروپادا و مۆدیۆمەکانی لەکارخستووە.

بەڕێوبەری ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ڕۆب جۆیس لە کۆنفرانسێکی ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا بە ڕۆیتەرزی وت " دوای ئەوەی ئەو مۆدیۆمانە لەکارکەوتن، بەوجۆرە نەبوو کە ئەگەر بیانکوژێنیتەوە و هەڵیانبکەیتەوە چاک دەبنەوە. ئەوانەی لە کارکەوتن بەتەواوەتی لەکارکەوتوون، دەبوایە بیانگەڕێنیتەوە بۆ کارگەکەیان و یەکێکی نوێ وەربگریتەوە."

بەدیاریکراویی کاریگەرییەکانی هێرشەکە لە گۆڕەپانی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام گرێبەستەکانی حکومەتی ئۆکرانیا کە دەست ڕۆیتەرز کەوتوون دەریدەخەن کە ڤیاسات هێڵی ئینتەرنێتی بۆ سوپای ئۆکرانیا و یەکەکانی پۆلیسیش دابین کردووە.

بەرپرسی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئۆکرانیا ڤیکتۆر ژۆرا لە مانگی سێدا وتی تێکدانی هێڵەکانی ئینتەرنێت " لە سەرەتای جەنگەکەدا زیانێکی گەورەی بە پەیوەندییەکان گەیاندووە."

دەزگای تایبەتی پاراستنی پەیوەندی و زانیارییەکانی ئۆکرانیا وتی " ڕووسیا وڵاتێکی سەرکوتکارە، نەک تەنها لەسەر خاکەکەمان هێرشمان دەکاتە سەر بەڵکو هێرشی ئەلیکترۆنیش دەکاتە سەرمان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG