Accessibility links

سەرۆکی ڕوسیا و سەرۆکی چین پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی ئەنجام دەدەن


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە کۆبوونەوە، لە پەیوەندییەکەیاندا جەختیان لە هاوپەیمانیی بەهێزی نێوانیان کردەوە لەنێوەندی خراپبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕۆژئاوادا.

پوتن بە شی وت " شێوازێکی نوێ لە هاریکاریی لەنێوان دوو وڵاتەکەماندا پێکهات، کە سەرچاوەی لە هەندێک شتەوە گرتووە، لەوانەش دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتردا، ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییەکانی یەکتر، هەروەها سووربوونمان لەسەر ئەوەی سنووری هاوبەشی نێوانمان بکەین بە پشتێنێک بۆ ئاشتی ناوخۆیی و دراوسێیەتی باش."

پوتن وتیشی بەپەرۆشەوەیە بۆ بینینی شی لە مانگی دوودا لە میانەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین، وتی " دەمەوێت باس لەوە بکەم ئێمە بەشێوەیەکی نەگۆڕ و جێگیر پشتیوانی لە یەکتر دەکەین لە بابەتەکانی هاریکاری وەرزشی نێودەوڵەتی، لەوانەش ڕەت کردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ بە سیاسییکردنی وەرزش و ئۆڵۆمپیاد."

کۆمەڵێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، لەوانەش ئەمەریکا کە ڕابەرایەتیان دەکات، لەڕووی دیبلۆماتیەوە بایکۆتی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکینیان کردووە، ئەوەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک سەبارەت بە تۆماری چین لە مافەکانی مرۆڤدا.

لەنێوەندی زیادبوونی گرژییە سیاسییەکاندا، هەریەک لە ڕوسیا و چین ڕووبەڕووی هەڕەشەی سزای ڕۆژئاوا بوونەتەوە. لە ئێستادا ڕوسیا لە ڕووبەڕووبوونەوەدایە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆ سەبارەت زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا.

بەر لە کۆبوونەوەکەی پوتن لەگەڵ شیدا، وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت دوو سەرۆکەکە باس لە گرژییەکان دەکەن لە ئەوروپا و هەروەها باس لە " لێدوانە دوژمنکارییەکانی " ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆش دەکەن.

هاوکات ئەمەریکا و چین لێدوانی توندییان دژی یەکتر داوە سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردنی چین لەگەڵ نەژادی یوگۆر و هەوڵە سەربازییەکانی چین بۆ تۆقاندنی تایوان.

هەروەها پوتن هەوڵەکانی شی و چینی بەرزنرخاند بۆ هاریکارییەکانی نێوانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ئاماژەی بەوەدا شەش کۆمپانیای چین گرێبەستیان واژۆکردووە بۆ بەرهەمهێنانی 150 ملیۆن بەشە ڤاکسینی سپوتنیکی ڕوسی.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG