Accessibility links

سەرۆکی چین سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ پوتندا کۆبۆوە


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ
سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ

سەرۆکی چین شی جین پینگ سەردانی ڕوسیای کرد و لەگەڵ هاوتا ڕوسییەکەی ڤلادیمێر پوتندا کۆبۆوە، لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا سەرۆکی چین هەوڵیدا پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و پەکین پتەوتر بکات، ئەمەش لەکاتێکدا هەردووکیان کێشەیان لەگەڵ ئەمەریکادا هەیە بەجۆرێک چین جەنگێکی ئابووری هەیە لەگەڵ ئەمەریکادا و دۆسییەی دەستوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا گرژی خستۆتە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتنەوە.

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن پێشوازیی لە سەرۆکی چین شی جین پینگ کرد و بۆ چەند کاتژمێرێک کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد و دواتر هاوڕێیانە باسیان لە یەکتر دەکرد.

دوای ئەوەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان سەبارەت بە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوانیان واژۆ کرد، پوتن لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا بە باشی باسی لە پەیوەندیەکانی نێوان ڕوسیا و چین کرد و وتی پەیوەندییەکان لە ئێستادا لە هەموو کاتێک باشترە.

پوتن وتی هەڵوێستەکانی مۆسکۆ و پەکین کە هەردووکیان ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتین هاوشێوەی یەکن و لە زۆربەی دۆسییە نێودەوڵەتیەکاندا دەنگەکانیان هەمیشە وەکو یەکە یاخود زۆر نزیکە لە یەکەوە.

پوتن جەختی لەوە کردەوە دوو وڵاتەکە ئامانجی گەورەی نوێیان هەیە تاوەکو هاریکارییەکانی نێوانیان زیاتر بکەن و بەشداری بکەن لە خۆشبەختی گەلەکانیاندا.

هەروەها سەرۆکی چین وتی پوتن باشترین هاوڕێیە و هیوای خواست هاوڕێیەتییە کۆنە بەهێزەکەی ڕوسیا و چین بریقەیەکی نوێ بداتەوە.

سەرۆکی چین دوو ورچی پاندای پێشکەشی ڕوسیا کرد و پوتن وتی " ئەوە مانای ڕێزێکی تایبەتە بۆ ڕوسیا." ئاماژەشی بەوەدا " ورچی پاندا یەکێکە لە سیمبولەکانی چین و ئێمە بەو هاوڕێتیە دەزانین."

پوتن وتی سەردانەکەی شی " ڕووداوێکی زۆر گرنگە بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان." ئاماژەشی بەوەدا " یەکێتی سۆڤییەت یەکەمین دەوڵەت بووە دانی ناوە بە کۆماری چیندا، دوای ئەوەی لە ساڵی 1949 دا کۆمارەکە ڕاگەیەندرا."

لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا، بەپێی کرێملن ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان مۆسکۆ و پەکین لە ساڵی 2018 بە ڕێژەی لە سەدا 25 زیادی کرد و گەیشتە بڕی 108 ملیار دۆلار کە ژمارەیەکی پێوانەییە.

چاودێرێکی سیاسیی ڕوسی بە ناوی ئەلیکسەندەر گابۆییڤ لە پەیمانگای کارنیگی لە مۆسکۆ وتی ڕوسیا لە ساڵی 2014 دا ئابوورییەکەی ڕووبەڕووی لێدانێکی بەهێز بۆوە بەهۆی سزاکانی ئەوروپا و ئەمەریکاوە، ئەمەش بەهۆی قەیرانی ئۆکرانیا و داگیرکردنی دوورگەی کریمیاوە بوو، ڕوسیا هەوڵدەدات لە بازاڕەکانی ئەوروپا دووربکەوێتەوە و بەرەو بازاڕی چین بڕوات.

گابۆییڤ بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت چین بووە وەبەرهێنەرێکی گرنگ لە ئابووری ڕوسیادا کاتێک وڵاتانی ئەوروپی بەهۆی سزاکانەوە لە ئابووری ڕوسیا دوورکەوتنەوە، چین قەرزێکی زۆریدا بە ڕوسیا.

لەکاتێکدا واشنتن کۆمپانیای هواوی چین بە هەڕەشە دادەنێت لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی، گروپێکی چینی گرێبەستێکی گەورەیان لەگەڵ کۆمپانیای پەیوەندی ڕوسی ئێم تی ئێسدا واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای پەیوەندییەکانی نەوەی پێنجەم.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG