Accessibility links

ڕووسیا گەشتی 287 پەرلەمانتاری بەڕیتانی بۆ ڕووسیا قەدەغە دەکات


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا ڕایگەیاند هاتنی 287 ئەندام پەرلەمانی بەڕیتانیا بۆ ناو ڕووسیا قەدەغە دەکات، هەروەها بە تۆمەتی خستنەوەی " ترس لە ڕووسیا " لە بەڕیتانیا تۆمەتباری کردن.

وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، بەڕیتانیا شان بە شانی هاوپەیمانان، کۆمەڵێک سزای توندی ئابووری بەسەر دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکان و کەسایەتییە سیاسییە باڵاکانی ڕووسیادا سەپاندووە، لەوانەش سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی سزاکانی سەر ئەندامانی پەرلەمانی بەڕیتانیا وەکو وەڵامێکن بۆ ئەو کۆتوبەندانەی کە بەڕیتانیا لە 11 ی مانگی سێدا سەپاندنی بەسەر 386 ئەندام پەرلەمانی ڕووسیادا.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی " ئەم کەسانە ڕۆڵێکی زۆر چالاکییان هەبووە لە دروستکردنی ئامڕازەکانی سزاکانی دژە ڕووسیا لە لەندەن، هەروەها بەشداربوون لە خستنەوەی ترس لە ڕووسیا لە بەڕیتانیادا."

لیستەکە 287 ئەندام پەرلەمانی بەڕیتانیای تێدایە، وەزیرانی ئێستا و پێشتریشی تێدایە و کۆمەڵێک کەسی دیکەی تێدایە کە لە ئێستادا ئەندام پەرلەمان نین.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن کە خۆی لە 16 ی مانگی چواردا قەدەغەکرا لەسەری گەشت بکات بۆ ڕووسیا، بە پەرلەمای وڵاتەکەی وت " سەرجەم ئەو 287 کەسە دەبێت ئەمە وەکو نیشانەی سەربەرزی سەیر بکەن."

پێشتر کرێملن ئاماژەی بەوەدا بوو جۆنسن یەکێکە لەوانەی کە " بەشدارییەکی زۆر چالاکی هەیە لە پێشبڕکێی بوون بە دژە ڕووسیادا." هەروەها لەم هەفتەیەدا هۆشداریدایە بەڕیتانیا و وتی ئەگەر ئەو وڵاتە بەردەوام بێت لە هاندانی ئۆکرانیا بۆ هێرش کردنەسەر ڕووسیا ئەوا ڕووبەڕووی " وەڵامێکی گونجاو " دەبێتەوە.

کریس بڕایانتی ئەندام پەرلەمانی بەڕیتانیا کە ماوەیەکی زۆرە ڕەخنە لە ڕووسیا دەگرێت لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا وتی " من بەدڵنیاییەوە بێزارم لەوەی کە لەو لیستەدا نیم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG