Accessibility links

پوتن: ڕوسیا یەکەمین وڵاتە پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەسەند بکات


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی ڕوسیا یەکەمین وڵاتە لە جیهاندا پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەسەند بکات، ئەمەش دوای کەمتر لە دوو مانگ لە تاقیکردنەوەی پێکوتەکە.

لەمیانەی کۆبوونەوەیەکی حکومەتدا، سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی پێکوتەکە لەلایەن سەنتەری توێژینەوە گامالیای مۆسکۆوە پەرەی پێدراوە و لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە پارێزراوە، وتیشی تەنانەت دراوە بە یەکێک لە کچەکانیشی.

وتی " دەزانم بە باشی کار دەکات، بەرگرییەکی بەهێزی لەش دروست دەکات، دووبارەی دەکەمەوە، لە هەموو تاقیکردنەوە پێویستەکاندا تێپەڕبووە."

هەروەها هیواشی خواست وڵاتەکە بتوانێت بەزووترین کات بڕێکی زۆر لە پێکوتەکە بەرهەم بهێنێت.

بەڵام پەسەند کردنی ئەم پێکوتەیە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ڕوسیاوە پێش تاقیکردنەوە گەورەکە دێت کە هەزاران کەس دەبێت بەشداری تێدا بکەن و بە قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەکان ناسراوە و کۆتا قۆناغە و لەسەر توشبووان تاقی دەکرێتەوە.

ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە دەبێت ژمارەیەکی دیاریکراو لە توشبووان بە ڤایرۆسەکە بەشداری تێدا بکەن تاوەکو کاریگەری ڤایرۆسەکە بزانرێت و بە گرنگترین تاقیکردنەوە دادەنرێن تاوەکو پێکوتەکە پەسەند بکرێت و مۆڵەتی پێبدرێت.

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، زیاتر لە 100 پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهاندا پەرەیان پێدەدرێت. بەلایەنی کەمەوە چوار پێکوتەیان لە کۆتا قۆناغدان کە بە قۆناغی سێیەم دادەنرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG