دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ڕوسی وتی کرێملن داواکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی ڕەت کردۆتەوە بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ڕوسیا لە ڤەنزوێلا و وتی ئەوەی مۆسکۆ دەیکات یاساییە و بە ڕێکەوتن بووە لەگەڵ حکومەتی یاسایی ئەو وڵاتەدا.
سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ داوای لە ڕوسیا کرد هێزەکانی لە ڤەنزوێلا بکشێنێتەوە و وتی " هەموو بژاردەکان " لەبەردەستدان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.
لەلایەکی دیکەوە دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسی لە زاری پاشکۆیەکی سەربازیی ڤەنزوێلا لە مۆسکۆ بڵاویکردەوە کۆمەڵێک سەربازیی ڕوسیا گەیشتوونەتە ڤەنزوێلا بۆ ڕاوێژکاری و هاریکاری نەوەکو بۆ بەشداریکردن لە ئەرکەکاندا.
بەپێی ڕاپۆرتی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆژی شەممە دوو فڕۆکەی هێزی ئاسمانی ڕوسیا لە دەرەوەی کاراکاس نیشتوونەتەوە و نزیکەی 100 سەربازی ڕوسیان تێدابووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز