وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی شەممە هەڕەشەی بەخشینی خەڵاتی گەورەی کرد بۆ زانیاری لەسەر سەرکردەکانی تاڵیبانی ئەفغانستان، ئەوەش دوای ئەوەی وتی ڕەنگە ئەمەریکایی زیاتر لە ئەفغانستان دەستبەسەر بن وەک لەوەی کە پێشتر بیری لێکراوەتەوە.
هەڕەشەکە ڕۆژێک دوای ئەوە دێت حکومەتەکەی تاڵیبانی ئەفغانستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانییان کرد لە یەکێک لە دوایین کارەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆو بایدندا.
ڕوبیۆ ئاگادارییەکی توندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، وتی " ئێستا بیستوومە کە تاڵیبان بارمتەی ئەمەریکایی زیاتری لایە وەک لەوەی باس کراوە."
وتی " ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوا دەبێت دەستبەجێ خەڵاتێکی زۆر گەورە دابنێین لەسەر سەرکردە باڵاکانییان، ڕەنگە خەڵاتەکە لەو خەڵاتە گەورەتر بێت کە لەسەر بن لادن داماننابوو."
ڕوبیۆ باسی لەوە نەکرد ئەو ئەمەریکاییانەی دیکە کێن، بەڵام لە مێژە هەواڵ هەیە لەسەر ئەمەریکاییە بێسەروشوێن بووەکان کە دۆسییەکانییان بە فەڕمی لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە بە دەستبەسەرکراویی نایاسایی وەرنەگیراون.
لە ڕێککەوتنەکەدا لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدندا، تاڵیبان دیارترین و ناسراوترین دەستبەسەرکراویی ئەمەریکایی لە ئەفغانستان ئازاد کرد، ڕایان کۆربێت، کۆربێت لەگەڵ خێزانەکەیدا لە ئەفغانستان دەژیان و لە مانگی هەشتی ساڵی 2022 ەوە دەستبەسەرکراوە.
دەستبەسەرکراوێکی دیکە کە ئازاد کراوە ویلییام مککێنتییە، کە هاووڵاتییەکی ئەمەریکاییە و زانیارییەکی کەمی لەسەر بڵاوکراوەتەوە.
لە بەرامبەردا ئەمەریکا خان محەمەدی ئازاد کرد، کە لە زیندانێکی کالیفۆرنیا سزای زیندانی تا هەتایی بەسەردا سەپێندرابوو.
محەمەد بە تۆمەتی هێنانی ماددەی هیرۆین و ئۆپیۆم بۆ ئەمەریکا تۆمەتبار کرابوو، هەروەها بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستکەوتنی ڕۆکێت بۆ کوشتنی سەربازانی ئەمەریکایی لە ئەفغانستان تۆمەتبار کرابوو.
ئەمەریکا بە ماوەیەکی کورت دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی 11 ی مانگی نۆی ساڵی 2001، خەڵاتێکی 25 ملیۆن دۆلاری دانا بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستگیرکردن یاخود کوشتنی ئوسامە بن لادن، دواتر کۆنگرێس مۆڵەتیدا بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا خەڵاتەکە بکات بە 50 ملیۆن دۆلار.
باوەڕوایە کە هیچ کەسێک ئەو خەڵاتەی وەرنەگرتبێت، بن لادن لە هێرشێکی ئەمەریکادا لە پاکستان کوژرا.
سەرچاوە/ فرانس پرێس
مارکۆ ڕوبیۆ: ئەمەریکا دەکرێت خەڵاتێکی زۆر گەورە ڕابگەیەنێت بۆ زانیاری لەسەر سەرکردەکانی تاڵیبان