Accessibility links

ڕۆحانی: ئێرانیەکان مافی خۆیانە ناڕەزایی دەرببڕن بەڵام دەبێت خۆیان بەدووربگرن لە توندوتیژی


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لە یەکەمین کاردانەوەیدا بەرامبەر خۆپیشاندانەکانی ئێران کە ماوەی چوار ڕۆژە بەردەوامە دژی حکومەت وتی ئێرانییەکان مافی خۆیانە ناڕەزایی دەرببڕن بەڵام نابێت ڕەفتارەکانیان ببێتە هۆی توندوتیژی و تێکدانی موڵکی گشتی.

دەزگای فەڕمی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە زاری ڕۆحانیەوە بڵاویکردەوە " گەل ئازادی تەواوی هەیە ڕەخنە لە حکومەت بگرێت و ناڕەزایی دەرببڕێت بەڵام دەبێت ناڕەزایی دەربڕینەکە بەشێوەیەک بێت ڕەوشەکە و باری ژیانیان باشتر بکات."

وتیشی " ڕەخنەگرتن جیاوازە لە توندوتیژی و تێکدانی موڵکی گشتی."

خۆپیشاندەران ڕۆژی یەکشەممە بۆ چوارەم ڕۆژ ناڕەزاییان دژی حکومەت دەربڕی سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئێرانی ئاگاداریان کردنەوە کە ڕێوشوێنی توند دەگرنە بەر دژیان.

بەپێی دەزگا هەواڵیەکە، ڕۆحانی وتویەتی " چارەسەرکردنی کێشەکان کارێکی ئاسان نیە و کاتی زۆری دەوێت. پێویستە لەسەر حکومەت و گەل یارمەتی یەکتر بدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە."

هەروەها ڕۆحانی ڕەخنەی لە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیش گرت لەسەر ئەوەی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان دەکات.

وتی " ئەم پیاوە لە ئەمەریکا ئێستا هاوسۆزی خۆی دەردەبڕێت لەگەڵ گەلەکەماندا بەڵام بیری چۆتەوە چەند مانگێک لەمەوبەر گەلی ئێرانی بە تیرۆریست ناودێر دەکرد. وتی ئەم پیاوە کە دژی نەتەوەی ئێرانیە هیچ مافێکی ئەوەی نیە هاوسۆزی لەگەڵ ئێرانییەکاندا دەرببڕێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG