Accessibility links

ڕۆحانی هۆشیاری دەداتە ئەمەریکا سەبارەت بە سزاکان و گفتوگۆکردن بەدوور نازانێت


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی
سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی هۆشیاریدایە ئەمەریکا سەبارەت بە پەیڕەویکردنی سیاسەتێکی دوژمنکارانە بەرامبەر تاران و وتی ڕێگە نەدان بە ئێران تاوەکو نەوتەکەی هەناردەی دەرەوە بکات کارێکی زۆر مەترسیدار دەبێت، بەڵام ئەنجامدانی گفتوگۆی لە نێوان دوو وڵاتەکەدا بەدوور نەزانی.

لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە و سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.

واشنتن داوا لە هاوپەیمانەکانی دەکات هاوردەکانی نەوتی ئێرانی ڕابگرن و وابڕیارە لە مانگی یانزەدا خولێکی نوێی سزاکان بسەپێنرێتەوە بەسەر فرۆشییەکانی نەوتی ئێرانیدا.

بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە سزاکانی سەر ئێران لابران لەبەرامبەر ئەوەدا تاران بەرنامە ناوەکییەکەی سنووردار بکات.

دەزگای هەواڵی تەڵەبە لە زاری سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانییەوە لە نیویۆرک بڵاویکردەوە " سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا بۆ ئەوەی ڕێگە بگرن لە فرۆشتنی نەوتەکەمان کارێکی زۆر مەترسیدار دەبێت، سەرکەوتووش نابێت."

ڕۆحانی کە ئێستا لە نیویۆرکە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی ئێران گفتوگۆ لەگەل بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپدا دەکات ئەگەر بەڕێوبەرایەتییەکە سەلماندی کە جێی متمانەیە. وتیشی فشارە ئابوورییەکان تاران ناچار ناکەن بێتە سەر مێزی گفتوگۆکردن.

وتیشی " ئەگەر سەرۆک ترامپ دەیەوێت لەگەڵ ئێراندا قسە بکات ئەوا دەبێت سەرەتا بگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتنە ناوەکییەکە."

جێی ئاماژەیە سەرۆک ترامپ لە ماوەی ڕابردوودا وتی ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەخت لەگەڵ سەرۆکی ئێراندا کۆببێتەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، ئێرانش لەلای خۆیەوە داواکەی سەرۆک ترامپی ڕەت کردەوە.

لە ماوەی ئەم چەند مانگەی ڕابردوودا ڕیالی ئێرانی نیوەی بەهاکەی لەدەستدا و ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی ترس لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی ئابووری. هەروەها بووە هۆی ئەوەی لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران هاوڵاتیان خۆپیشاندان ئەنجام بدەن دژی سەرکردایەتی ئێران.

ڕۆحانی هەوڵیدا دڵنەوایی ئێرانییەکان بداتەوە بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی بێکارییەوە و وتی ئابووری ئێران پشتی بەستووە بە نەوتەوە کە دەتوانێت لەبەرامبەر فشارەکانی ئەمەریکادا بوەستێت.

ڕۆحانی وتی " سزاکانی ئەمەریکا زیان دەگەیەنن بە هاوڵاتیانی ئێرانی، بەڵام فشاریش دەخەنە سەر کۆمپانیا بیانییەکان کە ئێستا ناچار بوون لە بازاڕی ئێراندا بکشێنەوە بەهۆی ترسیان لە سزاکانی ئەمەریکاوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG