Accessibility links

ڕۆحانی دووبارە دەستکاریکردنی بەندەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە ڕەت دەکاتەوە


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی دووبارە جەختی لەهەڵوێستی ئێران کردەوە سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی دەستکاریکردنی بەندەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە یاخود زیادکردنی لایەنی دیکە بۆ ناو ڕێکەوتنەکە.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و دووبارە سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.

بەڵام بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکا بە ڕابەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن ئاماژەی بەوە داوە دەکرێت واشنتن بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنەکە، بەڵام داوای لە تاران کردووە پابەندی سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانی بێت لە ڕێکەوتنەکەدا.

بەڕێوبەرایەتیە نوێیەکەی ئەمەریکا باس لەوە دەکات لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا تاوتوێی ڕێکەوتنێکی نوێ بکەن، لەکاتێکدا سعودیە کە ڕکابەری سەرەکی ئێرانە لە ناوچەکەدا داوای کردووە بەشێک بێت لە دانوستانە نوێیەکان لەسەر ڕێکەوتنەکە.

ڕۆحانی وتی " بە ڕوون و ئاشکرا بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڵێم، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا، هیچ گۆڕانکارییەک ناکرێت لە بەندەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا."

وتیشی " هیچ لایەنێکی دیکەش زیاد ناکرێت بۆ ناو ڕێکەوتنە ناوەکییەکە."

هەروەها وتی " ڕێکەوتنەکە ئەنجامی 10 ساڵ لە دانوستان بووە، شتێک نەبووە بە ئاسانی ئەنجام بدرێت." وتی " ئەمە ڕێکەوتنەکەیە، ئەگەر دەیانەوێت بەخێربێن و هەموو لایەک دووبارە پابەند دەبێتەوە، ئەگەریش نەیانویست هەر بەخێربێن و دەتوانن بەردەوام بن لەژیانی خۆیان."

دوای ساڵێک لە کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە، تاران وردە وردە بەرپرسیارێتیە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا پشتگوێ خست کە بەپێی بڕیاری ژمارە 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆی دیاریکراوە.

بەرپرسانی ئێرانی لە لێدوانەکانی پێشوویاندا ئاماژەیان بەوەداوە گرنگترین شت بەلای ئەوانەوە لابردنی سزاکانی ئەمەریکایە نەک گەڕانەوەی واشنتن بۆ سەر ڕێکەوتنەکە، جەختیان لەوە کردۆتەوە ئەگەر سزاکان لاببرێن ئەوا تاران بەپێی ڕێکەوتنەکە دووبارە پابەند دەبێتەوە بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە.

لەلای خۆشیەوە ئەمەریکا داوا لە ئێران دەکات سەرەتا پابەند بێتەوە بە سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانیەوە، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنەکە.

ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف پێشنیاری ئەوەی کرد یەکێتی ئەوروپا نێوەندگری بکات لە نێوان تاران و واشنتندا، ئەوەش بەمەبەستی ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە.

بەڵام ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پرایس وتی پێی وایە هێشتا زووە بۆ پەسەندکردنی ئەو پێشنیارە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG