Accessibility links

ڕۆحانی: ئەمەریکا دەیەوێت ڕژێمی ئێران بگۆڕێت


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی
سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی

سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لە لێدوانێکیدا وتی ئەمەریکا هەوڵدەدات ڕژێمی فەرمانڕەوایی لە ئێران بگۆڕێت و بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێستای ئەمەریکا خراپترین دوژمنی ئێرانە لە ماوەی چل ساڵ ڕابردوودا.

جێی ئاماژەیە گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران زیادبوون دوای ئەوەی لە مانگی پێنجدا سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران کشایەوە، بەپێی ڕێکەوتنەکە سزاکانی سەر ئێران لادەبرێن و لەبەرامبەردا ئێران سنوورێک دابنێت بۆ بەرنامە ناوەکیەکەی. بەڵام دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە، سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هەموو سزاکانی ئەمەریکای سەپاندەوە بەسەر ئێراندا و دەڵێت ڕێکەوتنە ناوەکییەکە هەڵەی زۆری تیابووە و هیچ کۆتوبەندێکی تیا نەبووە سەبارەت بە بەرنامە موشەکییە باڵیستیکیەکەی ئێران و پشتیوانی ئێران لە لایەنەکانی ناو سوریا و یەمەن و لوبنان و عێراقدا.

ڕۆحانی لە لێدوانێکیدا بەهۆی دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی نوێوە لە زانکۆی تاران وتی " لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا بەڕێوبەرایەتییەکەی وەکو ئەم حکومەتەی ئێستای نەبووە کە خراپترین دوژمنی ئێران و ئێرانییەکان و کۆماری ئیسلامییە."

لە واشنتن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لە هەڵویستی ئەمەریکا کردەوە و ئاماژەی بەوەدا ئەمەریکا دەیەوێت ڕەفتارەکانی ئێران بگۆڕێت بەڵام هەوڵ نادات ڕژێمەکە بگۆڕێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG