Accessibility links

ڕۆمانیا ژمارەیەکی زۆر لاشەی مرۆڤ دەدۆزێتەوە لەنزیک گۆڕێکی بەکۆمەڵی جولەکەکان


پارێزەرانی سەربازی ڕۆمانیا وتیان زانایانی شوێنەوارزانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ڕۆمانیا ژمارەیەکی زۆر لاشەی مرۆڤیان دۆزیوەتەوە لەنزیک گۆڕێکی بە کۆمەڵی جولەکە کە لە ساڵی 2010 دا دۆزراوەتەوە و 100 لاشەی جولەکەی تێدابووە کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا هێزەکانی ڕۆمانیا کوشتوویانن.

زاناکان کۆمەڵێک ڕوومانە و هاوەنی 82 ملیمەتریان لە شوێنەکەدا دۆزیوەتەوە. ئەم زانایانە لە ساڵی 2010 ەوە بە پشتیوانی پەیمانگای ئیلی ویسڵ لەو ناوچەیەدا کاردەکەن و دەگەڕێن بەشوێن گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا.

پارێزەرەکان لە بەیاننامەیەکدا وتیان " دوای ئەوەی لەلایەن پەیمانگای ئیلی ویسڵەوە ئاگادارکراینەوە، لێکۆڵینەوەیەکی تاوانمان کردەوە سەبارەت بە دۆزینەوەی ئەو لاشانە لە شوێنێکی نزیک لە گۆڕێکی بە کۆمەڵەوە کە لە ساڵی 2010 دا دۆزراوەتەوە."

ئێستا دەوروبەری ناوچەکە تەوق دراوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتر بڵاونەکراوەتەوە.

ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەی کە لەساڵی 2010 دا دۆزرایەوە دەکەوێتە ناوچەیەکی دارستانەوە کە پێی دەوترێت ڤۆڵتۆری و دەکەوێتە 400 کیلۆمەتر باکووری بۆخاریستەوە. لە دەستپێکی داگیرکردنی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1941 دا، هێزەکانی ڕۆمانیا و ئەڵمانیا لەم ناوچەیەدا پێشڕەوییان کرد.

لیژنەی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی پەیمانگای ئیلی ویسڵ کە لە ساڵی 2004 دا خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەمدا نزیکەی 280 هەزار بۆ 380 هەزار جولەکەی ڕۆمانی و ئۆکرانی لە ڕۆمانیا و ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی ئەڵمانیادا بوون کوژراون. پەیمانگاکە دەڵێت لەو کاتەدا ڕۆمانیا هاوپەیمانی ئەڵمانیای نازی بوو.

پێش جەنگی جیهانی دووەم نزیکەی 750 هەزار جولەکە لە ڕۆمانیا دەژیان، بەڵام لەمڕۆدا تەنها هەشت هەزار بۆ نۆ هەزار جولەکە لەو وڵاتەدا دەژی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG