دوابەدوای گەشتێکی مەترسیدار بە بەلەمی دارەوە، زیاتر لە 100 پەنابەری موسوڵمانی ڕۆهینگای لاواز و برسی لە نێو ئەو کەسانەدابوون کە گەیشتنە کەنارەکانی ئیندۆنیسیا.
184 کەس کە ژنێکی دووگیان و منداڵیشیان تێدا بووە گەیشتنە کەناری کوالا گیگیانگی ئیندۆنیسیا لە هەرێمی ئاچی باکووری ئیندۆنیسیا کە ساڵی ڕابردوو ئەو هەرێمە زیاتر لە 500 پەنابەری ڕۆهینگای وەرگرت. پەنابەرەکان دەڵێن بە دوای ژیانێکی باشتر دەگەڕێن وەک لە کامپە قەرەباڵغەکانیان لە بەنگلادیش، کە پێشتر لە دەستی هەڵمەتە سەربازییەکەی میانمار هەڵاتن بۆ بەنگلادیش و لەو کامپانەدا مانەوە.
یەکێک لە پەنابەرەکان بە ناوی فەیسەڵەوە وتی " لە بەنگلادیش هیچ دەرفەتێک نییە بۆ پەنابەرانی ڕۆهینگا، لەبەر ئەوە هاتین بۆ ئێرە بۆ ئیندۆنیسیا."
سەرۆکی پۆلیسی شاری ئاچی فەهمی ئیروان ڕاملی وتی بە گشتی پەنابەران وادەردەکەوێت لە بارودۆخێکی باشدابن، بەڵام ژنێکی دووگیان و چوار نەخۆش هەبوون لە نێویاندا کە ئێستا لەلایەن پزیشکەکانەوە چارەسەر وەردەگرن.
دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ئیندۆنیسیادا دۆخی پەنابەرەکان یەکلایی دەکەنەوە.
ڕۆژی شەممە ماسیگرەکان لە ناوچەکەدا وتیان سێ بەلەمییان بینیوە کە گومانی ئەوەیان لێکردوون پەنابەرییان پێبووبێت، بەڵام تەنها یەک بەلەمییان گەیشتە ئیندۆنیسیا. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت مانگی ڕابردوو 26 پەنابەر بەهۆی وشک بوونەوە و هیلاکبوونیان بەهۆی چەند هەفتەیەک مانەوەیان لە دەریادا گیانیان لە دەستداوە.
لە مانگی هەشتی ساڵی 2017 ەوە زیاتر لە 700,000 موسوڵمانی ڕۆهینگا لە میانمار بەرەو کامپەکانی بەنگلادیش هەڵاتن. هێزەکانی ئاسایشی میانمار بە تۆمەتی کوشتن و سوتاندن و دەستدرێژیکردنە سەر هەزاران موسوڵمانی ڕۆهینگا و ماڵەکانیان تۆمەتبار کراون.
زۆربەی ئەو پەنابەرانەی کە لە ڕێی دەریاوە کامپەکان جێدەهێڵن دەیانەوێت بگەنە مالیزیای زۆرینە موسوڵمان، بەڵام لەسەر ڕێگەکەیان دەگەنە ئیندۆنیسیا.
سەرچاوە/ AP