Accessibility links

ئێران دەڵێت پێی وانیە ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکە بکشێتەوە


ئێران بەڵێنیدا کە لایەنی یەکەم نەبێت لە پێشێلکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و وتی پێی وانیە ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بکشێتەوە سەرەڕای ڕەخنە توندەکانی سەرۆک ترامپ لە ڕێکەوتنەکە.

سەرۆک ترامپ وتی بڕیاریداوە سەبارەت بەوەی کە ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکەدا دەمێنێتەوە یان نا، بەڵام بڕیارەکەی ڕانەگەیاند.

لە وتەیەکیدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی بەتوندی وەڵامی وتارەکەی سەرۆک ترامپی دایەوە.

ڕۆحانی وتی ئێران دەیەوێت ڕێکەوتنە ناوەکیەکە بپارێزێت لەنێوان وڵاتەکەیی و شەش وڵاتە زلهێزەکەی جیهاندا کە بەپێی ڕێکەوتنەکە دەبێت بۆ دە ساڵ ئێران سنورێک دانێت بۆ چالاکییە ناوەکییەکانی و لەبەرامبەردا سزا داراییەکانی سەری کەم دەکرێتەوە.

ڕۆحانی وتی " لەبەردەمتانە ڕایدەگەیەنم ئێران یەکەمین وڵات نابێت کە ڕێکەوتنەکە پێشێل بکات" وتیشی " ئێران بە توندی وەڵامی هەر پێشێلکارییەک دەداتەوە لە ڕێکەوتنەکەدا لەلایەن هەر لایەنێکەوە بکرێت.

وە لە گفتوگۆیەکیشدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ڕۆحانی وتی پێی وانیە ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە بکشێتەوە سەرەڕای وتارەکەی سەرۆک ترامپ و وتیشی هەر وڵاتێک لە ڕێکەوتنەکە بێتە دەرەوە ئەوا شەرمەزاریی و گۆشەگیری بۆ خۆی دەهێنێت.

ڕۆحانی وتی " سەرەڕای لێدوانەکان پێم وانیە ترامپ لە ڕێکەوتنەکە بکشێتەوە."

وتیشی " ئەگەر بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وابێت دەتوانن بەهۆی کشانەوە لە ڕێکەوتنەکە فشار بخەنە سەر ئێران ئەوا هەڵەیەکی گەورە دەکەن.. یان ئەوەتا ڕێکەوتنە ناوەکییەکە وەکوو خۆی بمێنێتەوە یان تێکدەچێت."

نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیکی هەیڵی وتی سەرۆک ترامپ دڵخۆش نیە بە ڕێکەوتنەکە بەڵام وتارەکەی لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکاندا مانای ئەوە نیە کە ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە دەکشێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG