Accessibility links

دەوڵەمەندترین کەس لە ئۆکرانیا بەڵێن دەدات دووبارە ماریوپۆڵ بونیاد بنێتەوە


ماریوپۆڵ
ماریوپۆڵ

دەوڵەمەندترین کەس لە ئۆکرانیا بەڵێنیدا دووبارە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراو بونیاد بنێتەوە، شارەکە زۆر بە نرخە لە دڵیدا و دوو کۆمپانیای بەرهەمهێنانی پۆڵای لە شارەکەدا هەیە.

ڕینات ئاخمیتۆڤ بەهۆی هەشت ساڵی جەنگەوە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا سەرانسەری کارەکەی زیانی بەرکەوتووە، بەڵام کۆڵی نەداوە، دەڵێت " سەربازە ئازاکانمان " بەرگری لە شارەکەی سەر دەریای ئازۆڤ دەکەن کە ماوەی حەوت هەفتەیە بۆردومان دەکرێت و خاپوور کراوە.

ئاخمیتۆڤ لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆیتەرزدا وتی " ماریوپۆڵ تراجیدیایەکی جیهانییە و نموونەی پاڵەوانێتیشە لە جیهاندا. بۆ من ماریوپۆڵ هەمیشە شارێکی ئۆکرانی بووە و لە داهاتووشدا هەر شارێکی ئۆکرانی دەبێت."

وتیشی " باوەڕم وایە سەربازە ئازاکانمان دەتوانن بەرگری لە شارەکە بکەن، بەڵام تێدەگەم لەوەی ئەو کارە چەند قورس و سەختە بۆ ئەوان." وتیشی ڕۆژانە لە پەیوەندییدایە لەگەڵ بەڕێوبەرانی کۆمپانیاکەی کە ناوی مێتئینڤێستە و بەڕێوبەرایەتی کارەکانی وێستگەکانی ئاسن و پۆڵای ئاڤۆستاڵ دەکەن لە ماریوپۆڵ.

ڕۆژی هەینی کۆمپانیای مێتئینڤێست وتی هەرگیز لەژێر داگیرکاریی ڕووسیادا کار ناکەن و گەمارۆکەی ماریوپۆڵ زیاتر لە سێیەکی توانای ئۆکرانیای لە بەرهەمهێنانی کانزاکاندا پەکخستووە.

ئاخمیتۆڤ ستایشی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی کرد لەسەر ئەو " سۆزە بەتین و پیشەگەرییەی " لەماوەی جەنگدا پیشانیداوە. ئەمەش دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو زێلێنسکی وتی ئەو کەسانەی کە ویستوویانە حکومەتەکەی لەسەر کار لاببەن هەوڵیانداوە لە پلانگێڕییەکانیاندا ئاخمیتۆڤ تێوەبگلێنن.

ئاخمیتۆڤ لەو کاتەدا وتی ئەو قسانە " ڕاست نین."

ئاخمیتۆڤ وتی "بەدڵنیاییەوە لە جەنگدا کاتی ئەوە نیە دژی یەک بین. سەرانسەری ئۆکرانیا دووبارە بونیاد دەنێینەوە." وتیشی لە 23 ی مانگی دووەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئۆکرانیا و لەو کاتەوە لە وڵاتەکەدا ماوەتەوە.

وتیشی " دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماریوپۆڵ و پلانە نوێییەکانمان بۆ بەرهەمهێنان جێبەجێ بکەم، تاوەکو ماریوپۆڵ بتوانێت وەکو پێشتر پۆڵا بەرهەم بهێنێت و لە بازاڕەکانی جیهاندا دەربکەوێتەوە."

بەپێی گۆڤاری فۆربس سامانەکەی ئاخمیتۆڤ لە ساڵی 2013 دا گەیشتە 15.4 ملیار دۆلار. لە ئێستادا سامەنەکەی 3.9 ملیار دۆلارە.

ئاخمیتۆڤ وتی " لە ساڵی 2014 دا جەنگ هەڵگیرسا. سەرجەم سەرمایەکانمان لە کرایمییە و هەرێمی دۆنباسیش لەدەستدا. کارەکانمان لەدەستدا، بەڵام ئەوە پتەوتر و بەهێزتری کردین."

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن بەهۆی جەنگەوە ئۆکرانیا زیانی 1 تریلیۆن دۆلاری لێکەوتووە. ئاخمیتۆڤ وتی " من متمانەم بەوە هەیە کۆمپانیاکەم وەکو گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە دوای جەنگ ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە دووبارە بونیادنانەوە ئۆکرانیادا."

وتیشی " بەدڵنیاییەوە پێویستمان بە پڕۆگرامێکی نێودەوڵەتی دووبارە بونیادنانەوە دەبێت، پێویستمان بە پلانی مارشاڵ هەیە بۆ ئۆکرانیا." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ پڕۆژە یارمەتییەکەی ئەمەریکا کە یارمەتیدەر بوو لە دووبارە بونیادنانەوەی ڕۆژئاوای ئەوروپادا دوای جەنگی جیهانی دووەم.

وتیشی " متمانەم بەوە هەیە کە دوای سەرکەوتنمان لەم جەنگەدا ئۆکرانیایەکی ئازاد و ئەوروپی و دیموکرات و سەرکەوتوو بونیاد دەنێین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG