Accessibility links

سەرۆک ئێران دەڵێت ئیمارات هەڵەیەکی گەورەی کردووە بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی لە میانەی وتارێکی ڕۆژی شەممەیدا گوتی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) "هەڵەیەکی گەورەی" کردووە بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا و زۆر بە توندی ئەو هەنگاوەی ئیماراتی ڕەتکردەوە و بە هەنگاوێکی تاکلایەنەی وڵاتێکی کەنداو ناودێریکرد.

لە وتارەکەیدا ڕۆحانی هۆشداری بە ئیمارات دا دژ بەوەی ڕێگە بدات ئیسرائیل پێگەی خۆی لە هەرێمەکەدا بەهێز بکات. ئەو گوتی " ئەوان پێویستە بیر بکەنەوە. هەڵەیەکی زۆر گەورەیان کردووە، کردارێکی زۆر مەترسیدارە. هیوادارین درکی پێبکەن و ئەم ڕێگە هەیەڵەیە بەردەن."

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) و ئیسرائیل قایل بوون بە دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی پێکەوە.

سەرۆک ترامپ لە تویتێکدا بەیاننامە هاوبەشەکەی نێوان هەر سێ وڵات ڕاگەیاندوو بە " ساتەوەختێکی ڕاستەقینەی مێژوویی" ناودێری کرد.

ئیمارات دەبێت بە سێهەم وڵاتی عەرەب و یەکەم وڵاتی کەنداوی عەرەب کە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت. لە ئێستادا میسر و ئوردن تەنها وڵاتی عەرەبن کە پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەل ئیسرائیلدا هەیە.

سەرۆک ترامپ گوتی " لە ئێستادا کە پەیوەندییەکان دروست بوون چاوەڕوان دەکەم وڵاتانی تری عەرەبیش چاو لە ئیمارات بکەن."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆش لەسەر ڕێککەوتنەکە گوتی " ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ دووان لەو وڵاتانەی جیهان کە هەرە پێشکەوتوون لە بواری تەکنەلۆژیادا، و گوزارشت لە دیدی هاوبەشیان دەکات لە ڕووی تێکەڵبوونی ئابوری هەرێمییەوە."

XS
SM
MD
LG