ئەرکێکی فریاگوزاری گەورە لە چیاکانی تاوروسی باشووری تورکیا دەستی پێکردووە بۆ دەرهێنانەوەی توێژەرێکی ئەمەریکایی، کە نۆ ڕۆژ لەمەوبەر لە قووڵایی زیاتر لە 1000 مەتردا لە ناو یەکێک لە قوڵترین ئەشکەوتەکاندا نەخۆش کەوت و گیریخواردووە.
مارک دیکی، کە شارەزایەکە لە بواری ئەشکەوتەکاندا و خۆی یەکێکە لەو کەسانەی کە ئەزموونییان هەیە لە ڕزگارکردنی خەڵکدا لە ئەشکەوتەکاندا، لەلایەن تیمە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییەکانەوە یارمەتی دەدرێت، کە تاوەکو ڕۆژی دووشەممە 300 مەتر نزیکییان کردووەتەوە لە دەرەوەی ئەشکەوتەکە.
لە 2 ی مانگی نۆدا دیکی لە قووڵایی 1040 مەتر لە ناو ئەشکەوتەکەدا لە ناکاو توشی خوێنبەربوونی گەدە بوو، چەند کەسێکی دیکەی لەگەڵدا بووە، لە نێویاندا سێ ئەمەریکایی هەبوون. دیکی و هاوەڵەکانی لە ئەرکێکدا بوون بۆ نەخشەکردنی 1276 مەتری ئەشکەوتەکە بۆ دەستەی گروپی ئەشکەوتناسی ئەنادۆڵ.
تیمەکانی تەندروستی بە پزیشک و یاریدەدەر و شارەزایانی ئەشکەوتەکان لە تورکیا و سەرانسەری جیهانەوە هاتن بۆ ڕزگارکردنی دیکی. پزیشکێکی هەنگاریایی لە 3 ی مانگی نۆدا چووە ناو ئەشکەوتەکەوە تاوەکو چارەسەری بکات. پزیشکەکان شلەی ئای ڤی و چوار لیتر خوێنییان داوە بە دیکی لە کاتێکدا کە هێشتا لە ناو ئەشکەوتەکەدا بووە، لە هەوڵێکدا بۆ جێگیرکردنی بارودۆخەکەی و ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم ڕزگارکردنیدا.
تیمەکان کە لە پزیشکێک و چوار فریاگوزاری دیکە پێکهاتبوون، بە نۆرە لە ناو ئەشکەوتەکەدا ماونەتەوە بۆ چاودێریکردنی.
دەستەی فریاگوزاری ئەشکەوتی ئەوروپا دیکی بە " شارەزایەکی بە توانای ئەشکەوت و فریاگوزاری ئەشکەوتەکان " ناوبردووە، هەروەها دەڵێت توێژەرێکیشە لە بواری ئەشکەوتدا و سکرتێری کۆمیتەی تەندروستی دەستەکەیە.
ئەشکەوتی مۆرکا لە چیاکانی تاوروسی باشووری تورکیا بە سێیەمین قووڵترین ئەشکەوتی وڵاتەکە دادەنرێت، هەروەها سیستمێکی زۆر ئاڵۆزیشی هەیە.
سەرچاوە/ AP