Accessibility links

کۆمارییەکان یەک کورسی دوورن لەوەی ببنە زۆرینە لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکادا


ڕۆژی چوارشەممە کۆمارییەکان کورسیەکی دیکەیان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی حیزبەکەیان لە ویلایەتی ئالاسکا سەرکەوت و لە ئێستادا تەنها یەک کورسی دوورن لەوەی ببنە زۆرینە لە ئەنجومەنی باڵای کۆنگرێسدا.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی هەردوو تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن و ئێن بی سی، سیناتۆر دان سالیڤان کە ماوەکەی تەواو بووە بە ئاسانی لە ئالاسکا براوە بوو، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەدا 57 ی دەنگەکانی ویلایەتەکەی بەدەستهێنا.

بە بردنەوەی سالیڤان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا، حیزبی کۆمارییەکان نیوەی کورسییەکانی ئەنجومەنی سیناتی بەدەستهێناوە.

بەپێی ئەنجامەکانی ئێستا دیموکراتەکان 48 کورسیان لە کۆی 100 کورسی لە ئەنجومەنی سینات بەدەستهێناوە.

هێشتا دوو کورسی لە ویلایەتی جۆرجیا ماونەتەوە و یەکلایی نەبوونەتەوە، کاندیدی کۆمارییەکان و کاندیدی دیموکراتەکان لە خولی گەڕانەوەدا لە پێنجی مانگی یەکدا دووبارە کێبڕکێی لەسەر دەکەنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هیچ کامێکیان نەیانتوانی لەسەدا 50 ی دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکاندا ببەنەوە.

ئەگەر هاتوو دیموکراتەکان ئەو دوو کورسییە ببەنەوە ئەوا ئەو کاتە ئەنجومەنی سینات دابەش دەبێت بەسەر 50 سیناتۆری کۆمارییەکان و 50 سیناتۆری دیموکراتەکاندا، بەڵام جێگری هەڵبژێردراوی سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێریس بەپێی پۆستەکەی دەستووری وڵاتەکە ڕێگەی پێدەدات وەکو سەرۆکی ئەنجومەنەکە ڕەفتار بکات و دەتوانێت هەر دانیشتنێکی ئەنجومەنەکەی بوێت ئامادەی بێت و دەشتوانێت لەسەر هەر بابەتێک بیەوێت دەنگ بدات، بەو شێوەیەش حیزبەکەی دەبێتە زۆرینە لە ئەنجومەنەکەدا.

جێی ئاماژەیە هیچ یاسایەک لە ئەمەریکا تێپەڕ نابێت تاوەکو ئەنجومەنی سینات پەسەندی نەکات، هەروەها سەرۆکیش ناتوانێت هیچ وەزیرێک یاخود دادوەرێک یاخود باڵیۆزێک بەبێ ڕەزامەندی ئەنجومەنی سینات دابنێت.

بە بردنەوەی کۆمارییەکان لە ئالاسکا سەرۆک ترامپ سێ دەنگی دیکەی لە کۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەست دەکەوێت، بەڵام ئەوە هیچ شتێک لە شیانی سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا ناگۆڕێت.

بەپـێی ئەنجامە بەرایـیەکان بایدن لە کۆی 538 دەنگی نوێنەرانی هەڵبژاردنەکان 279 دەنگی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا سەرۆک ترامپ بە ئالاسکاشەوە 217 دەنگی بەدەستهێناوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG