Accessibility links

کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا سەبارەت بە دۆسییەی خاشقچی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا هاوکۆک نین


سیناتۆری کۆمارییەکان مایک لی

کۆمەڵێک ئەندامی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پشتیوانی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیان بۆ سعودیە ڕەت کردەوە، ئەمەش دوای کوژرانی خاشقچی، هەندێک لە یاسادانەرانی حیزبەکەی وتیان پێویستە لەسەر کۆنگرێس ڕێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر.

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بەڵێنیدا وەکو هاوبەشێکی باشی سعودیە بمێنێتەوە و وتی هێشتا ڕوون نەبۆتەوە کە ئاخۆ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان ئاگداری پلانی کوشتنی خاشقچی بووە یاخوود نا.

هەروەها سەرۆک ترامپ گومانی خستە هەڵسانگاندنی دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا سی ئای ئەیەوە سەبارەت بە کوشتنی خاشقچی کە لە هەڵسەنگاندنەکەیاندا هاتووە دەڵێت شازادە محەمەد بن سەلمان فەرمانیداوە بە کوشتنی خاشقچی، سەرۆک ترامپ بە ڕۆژنامەنووسانی وت هێشتا نەگەیشتووین بە ئەنجامی کۆتایی.

سیناتۆری کۆمارییەکان مایک لی لە کەناڵی ئێن بی سی وتی " لەگەڵ هەڵسانگاندنی سەرۆکدا نیم. ئەو لەگەڵ ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کە من بینیومە هەماهەنگی نیە." زانیارییەکانیش ئاماژە بۆ تێوەگلانی شازادەی جێنشینی سعودیە دەکەن.

سیناتۆری کۆمارییەکان جۆنی ئێرنست بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی وت " پێم وایە دەبێت زۆر زیاتر لەوە بە وردی سەیری ئەو بابەتە بکەین."

ئێرنست دانی بەوەدانا کە سعودیە هاوبەشێکی گرنگی ستراتیژی ئەمەریکایە، بەڵام وتیشی " ئێمەش نەتەوەیەکی بەهێزین کاتێک بابەتەکە دێتە سەر مافەکانی مرۆڤ، کاتێک بابەتەکە دێتە سەر سەروەری یاسا."

وتیشی " ئەگەر ئاماژەیەک هەبێت لەسەر تێوەگلانی شازادە لەم کوشتنەدا، ئەوا بێگومان دەبێت بیر لە گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی دیکە بکەینەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG