Accessibility links

ڕوانگەی سوری : لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان زیاتر لە 170 هاوڵاتی مەدەنی لە ڕەققە بوونەتە قوربانی


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەرچاوەکان ڕایانگەیاند لە هەفتەی ڕابردوودا لە شاری ڕەققە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان زیاتر لە 170 هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، ئەوەش ژمارەیەکی زۆری قوربانیانە لەچوارچێوەی کەمپینی دەرکردنی چەکدارانی داعش لە شاری ڕەققەدا

ڕوانگەی سوری ڕایگەیاند ڕۆژی دووشەممە بەلایەنی کەمەوە 42 کەس بوونەتە قوربانی هێرشە ئاسمانییەکان کە 19 کەسیان منداڵ بوون و 12 ی دیکەیان ئافرەت بوون.

ڕوانگەی سوری و بنکەکەیان لە بەڕیتانیا ڕایانگەیاند لەوەتەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیان کردووە بە پڕۆسەی ڕزگارکردنەوە شاری ڕەققە لە ئەنجامی هێرشەکانیاندا هەتاکوو ئێستا هێندەی ئەو ڕۆژەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا هاوڵاتی مەدەنیان نەکوشتووە.

دانیشتوانی پێشووی شاری ڕەققە کە هێشتا خزم و کەسەکانیان لە شارەکەدا ماون ئەم زانیارییانەیان بۆ ڕۆیتەرز پشتڕاستکردەوە.

هێزەکانی هاوپەیمانان کە ئەمەریکا سەرکردایەتی دەکات دەڵێت سوورن لەسەر ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لە ڕوودانی زیانی گیانی لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا لەمیانەی هێرشەکانیاندا بۆ سەر چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق و دەشڵێت لێکۆڵینەوە لە هەر زانیارییەکی وەها دەکات.

پێنتاگۆنیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " هێزەکانی هاوپەیمانان ڕێز لە ژیانی مرۆڤەکان دەگرن و یارمەتی هێزە هاوبەشەکان دەدەن لە هەوڵەکانیاندا بۆ ڕزگارکردنەوەی خاکی هاوڵاتیان لەدەست داعش. هەمیشە ئامانجمان ئەوە بووە کە زیانی گیانی بەر هاوڵاتیانی مەدەنی نەکەوێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG