Accessibility links

کێبڕکێکان لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا


ڕۆژی سێشەممە دیموکراتەکان یەکەمین کورسیان لە کۆمارییەکان سەندەوە، دواتر کۆمارییەکان کورسیەکی دیکەیان لە ویلایەتی ئالاباما بردەوە کە ئەوەش گرنگە لە شەڕیاندا بۆ پارێزگاریکردن لە زۆرینەیان لە ئەنجومەنی سینات.

هاوکات دیموکراتەکان پارێزگارییان لە زۆرینەیان کرد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و پتەوتریان کرد.

لە ئێستادا کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات و دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا باڵا دەستن، لە کۆی 100 کورسی لە ئەنجومەنی سینات کۆمارییەکان 53 کورسیان هەیە و ڕۆژی سێشەممە کێبڕکێ لەسەر 35 کورسی کرا.

دەبێت دیموکراتەکان چوار کورسی دیکە لە ئەنجومەنی سینات ببەنەوە تاوەکو ببنەوە بە زۆرینە لە ئەنجومەنەکەدا، یان ئەگەر جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا سەربکەوێت تەنها 3 کورسیان دەوێت تاوەکو ببنەوە بە زۆرینە لە ئەنجومەنی سیناتدا.

فەرمانڕەوای پێشووی کۆلۆرادۆ جۆن هیکنلۆبەر لە ویلایەتەکەیدا بەسەر سیناتۆری کۆمارییەکان کۆری گاردنەردا سەرکەوت.

بەڵام لە ویلایەتی ئالاباما تۆمی تابەرفیل بەسەر سیناتۆری کۆمارییەکان داوگ جۆنزدا سەرکەوت.

لە ویلایەتی نۆرث کارۆلایناش سیناتۆری کۆمارییەکان و هاوڕێی نزیکی سەرۆک ترامپ لیندسی گراهام دووبارە هەڵبژێردرایەوە، دوای ئەوەی بەسەر کاندیدی دیموکراتەکان جەیمی هاریسندا سەرکەوت.

هەروەها ڕابەری زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات میچ مککۆنێڵ لە ویلایەتی کەنتاکی دووبارە هەڵبژێردرایەوە کە هاوپەیمانێکی نزیکی دیکەی سەرۆک ترامپە.

میچ مککۆنێڵ لە وتاری سەرکەوتنیدا وتی " هێشتا نازانین کام لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی لە مانگی یەکدا دەست بەکاردەبێت، هێشتا نازانین کام لە حیزبەکان کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی سینات دەکەن. بەڵام هەندێک شت لە ئێستاوە ڕوون و ئاشکران، تەحەدای گەورە لە پێشمانەوەن، تەحەدایەک کە گرنگی بەوە نادات سەر بە چی حیزبێکیت. دەزانین کە سەرۆکی داهاتوومان دەبێت وڵاتەکە یەکبخاتەوە."

بەڵام ئەگەر دیموکراتەکان ئەنجومەنی سینات بەدەست بهێننەوە ئەوا مککۆنێڵ چیتر سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە ناکات، لەجیاتی ئەوە ڕابەری کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنەکە چەک شومەر دەبێتە سەرۆکی ئەنجومەنەکە.

ئەگەر سەرۆک ترامپ دووبارە هەڵببژێردرێتەوە ئەوا وڵاتەکە ڕووبەڕووی حکومەتێکی دابەشبوو دەبێتەوە، کۆمارییەکان کۆنتڕۆڵی کۆشکی سپی دەکەن و دیموکراتەکانیش کۆنتڕۆڵی کۆنگرێس دەکەن، بەڵام ئەگەر بایدن سەرکەوێت ئەوا دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی کۆشکی سپی و کۆنگرێسیش دەکەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG