Accessibility links

قەتەڕ دەڵێت هەتاکوو ئابڵوقەدانەکانی لەسەر لانەبردرێت گفتوگۆ ئەنجام نادات


کۆمەڵێک لە وڵاتانی کەنداو قەتەڕیان تۆمەتبارکرد بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر و قەتەڕیش بەهەموو شێوەیەک ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدول ڕەحمانی دووەم لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەبێت ڕوونی بکەینەوە بۆ هەموو لایەک، گفتوگۆکردن دەبێت بەشێوەیەکی شارستانی ئەنجام بدرێت و نابێت لەژێر فشار یاخوود لەژێر ئابڵوقەداندا بکرێت."

دوو هەفتە لەمەوبەر وڵاتانی هاوسێی قەتەڕ، لەوانە بەحرەین و عەرەبستانی سعودیە و ئیمارات پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا بڕی و خراپترین قەیرانی کەنداوی عەرەبیی لێکەوتەوە و کۆتایی ئەم قەیرانەش ڕوون نیە.

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ وتی " تاکوو ئێستا هیچ پێشکەوتنێکمان نەبینیوە لە لابردنی ئابڵوقەدانەکان، کە ئەوەش گرنگترین شتە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بجوڵێین."

سەرەتا سعودیە لە پێنجی مانگی شەشدا باڵیۆزەکەی خۆی لە قەتەڕ هێنایە دەرەوە و هەتاکوو نۆزدەی مانگی شەش هاوڵاتیانی قەتەڕیشی لە سعودیە ناچارکرد بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. سعودیە تەنها سنووری وشکانی قەتەڕیشی داخست و هەروەها بڕیاریدا کە هیچ فڕۆکەیەکی قەتەڕی ئاسمانی سعودیە بەکار نەهێنێت بۆ گەشتەکانیان.

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ وتیشی هەر بابەتێک پەیوەندیی بە کاروباری شەش وڵاتەکەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداوەوە هەبێت ئەوا دەتوانرێت گفتوگۆی لەسەر بکرێت. ئەنجوومەنەکەش پێکهاتووە لە قەتەڕ و سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و کوەیت و عەمان.

بەپێی وەزیری دەرەوەی قەتەڕ هەتاکوو ئێستا قەتەڕ هیچ داواکارییەکی وەرنەگرتووە لە وڵاتانی کەنداو یاخوو وڵاتانی ترەوە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG