قەتەڕ ڕایگەیاند دەتوانێت بڕێکی زۆر لە گازی سروشتی بەرهەم بهێنێت و ئەوەش ئاماژە بەوە دەکات کە ئامادەیە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناکۆکیدا بمێنێتەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا، بەڵام دەڵێت هەموو تواناکانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بگاتە ڕێکەوتنێک لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا.
بەرپرسانی سعودیە و ئیمارات و میسڕ و بەحرەین ڕۆژی چوارشەممە کۆدەبنەوە سەبارەت بەوەی بەردەوامبن لەسەر ئەو سزایانەی سەپاندوویانە بەسەر قەتەڕدا بەهۆی ئەوەوە کە دەڵێن قەتەڕ پشتیوانی لە تیرۆر دەکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا بەهێز دەکات.
قەتەڕیش لەلای خۆیەوە هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمانی دووەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " قەتەڕ دەستپیشخەری کردووە و ئامادەیە گفتوگۆ ئەنجام بدات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک، پێم وایە لەلای ئێمەوە ئەوەی کردوومانە بەسە."
وتیشی ئەو سزایانەشی کە بەسەر قەتەڕدا سەپێندراون لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا نایاسایین.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز