کرێملن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی کۆریای باشوور موون جەی ئین لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بەتەواوەتی نوێترین تاقیکردنەوەی ناوەکیی کۆریای باکووریان شەرمەزار کردووە.
کرێملن ڕایگەیاند پوتن بە موونی وتووە تەنها ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێگەی سیاسی و گفتوگۆیە.
باسی لەوەش کرد ڕوسیا پێی وایە تاقیکردنەوەکەی پیۆنگیانگ هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمن و ئاشتی ناوچەکە.
هەروەها لە پەیوەندییەکی تەلەفونی تردا ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و سەرۆکی کۆریای باشوور موون جەی ئین داوایان کردووە سزاکانی سەر پیۆنگیانگ توندتر بکرێتەوە.
وتەبێژ شتایڤن زایبەرت وتی " ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی کۆریای باشوور پشتیوانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کە پەلە بکەن لە بڕیاردان بۆ سەپاندنی سزای نوێی زیاتر بەسەر کۆریای باکووردا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز