Accessibility links

پوتن بە فەڕمی لە سەدا 15 ی خاکی ئۆکرانیا دەلکێنێت بە ڕووسیاوە


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بە فەڕمی لکاندنی زیاتر لە سەدا 15 ی خاکی ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە تەواو کرد، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ڕووسیا شەڕ دەکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشە پێچەوانەکەی هێزەکانی ئۆکرانیا.

پوتن چەند یاسایەکی واژۆ کرد کە تیایدا ' کۆماری گەلی دۆنێتسک و کۆماری گەلی لوهانسک ' و هەرێمی خێرسۆن و هەرێمی زاپۆریژای ئۆکرانیا دەخاتە سەر ڕووسیا.

پەرلەمانی ڕووسیا وتی " سەرۆک ڤلادیمیر پوتن چوار یاسای دەستووریی فیدڕاڵی واژۆ کردووە لەسەر لکاندنی کۆمارەکانی گەلانی دۆنێتسک و لوهانسک و هەرێمەکانی خێرسۆن و زاپۆریژا بە فیدراسیۆنی ڕووسیاوە."

دوای ئەوەی کۆمەڵێک ڕیفراندۆمی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیادا ئەنجامدا، ڕووسیا لکاندنی ناوچەکانی ئۆکرانیای بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند. وڵاتانی ڕۆژئاوا و کیێڤ دەڵێن دەنگدانەکە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بوون و زۆرەملێ و بەبێ نوێنەر ئەنجام دراون.

ئەو ناوچانەی کە لکێندراون بە ڕووسیاوە بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ڕووسیادا نین کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی هێرشە پێچەوانەکەی هێزەکانی ئۆکرانیا بوونەتەوە.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کشانەوە و لەو ناوچانەشدا لە ژێر فشارەکانی هێرشە پێچەوانەکەی هێزەکانی ئۆکرانیادا بوون.

لە ساڵی 2014 دا پوتن نیمچە دوورگەی کرایمییەی بە ڕووسیاوە لکاند، لەگەڵ کرایمییەدا ئێستا ڕووسیا زیاتر لە سەدا 22 ی خاکی ئۆکرانیای خستۆتە سەر ڕووسیا، بەڵام هێشتا بە دیاریکراوی سنوورەکانی ئەو چوار هەرێمەی لکاندوونی بە ڕووسیاوە ڕوون نەبۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG