Accessibility links

ئینتەرفاکس: سەرۆک ترامپ پێشنیاری چڕکردنەوەی گفتوگۆکانی بۆ پوتن کردووە


دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسی لە زاری وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ پێشنیاری چڕکردنەوەی گفتوگۆکانی بۆ پوتن کردووە، ئەمەش لەمیانەی چاوپێکەوتنەکەیاندا لە ئۆساکای ژاپۆن.

ڕۆژی هەینی لەمیانەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لە ئۆساکای ژاپۆن سەرۆک ترامپ و پوتن بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک کۆبوونەوە، ئەمەش یەکەمین کۆبوونەوەی فەڕمی نێوانیان بوو لە دوای کۆبوونەوەکەی ساڵی ڕابردوویان لە هلسنکی.

پێسکۆڤ وتی سەرۆک ترامپ ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕوسیادا سەبارەت بە سەقامگیری ستراتیژی و داماڵینی چەک، هەروەها دوو سەرۆکەکە باسیان لە دۆسییەی دوو دەریاوانە ئۆکرانییەکە کردووە کە لە کۆتای ساڵی 2018 دا لەلایەن ڕوسیاوە دەستگیرکران.

ئینتەرفاکس لە زاری پێسکۆڤەوە بڵاویکردەوە " سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕوون و ئاشکرا نیازی خۆی دەربڕی بۆ گفتوگۆکردن. پوتنیش ماوەیەکی زۆرە باس لە ئارەزووی دەکات بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان لەڕێی گفتوگۆکردنەوە."

پێسکۆڤ وتیشی سەرۆک ترامپ وادیارە کە ڕازی نیە بە قەبارەی بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا، هەروەها ڕاستەوخۆ ڕێنمای وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچنی کردووە کار لەگەڵ وەزیری دارایی ڕوسیا ئەنتۆن سیلوانۆڤدا بکات بەمەبەستی زاڵبوون بەسەر بەربەستە بازرگانییەکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG