ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن فەرمانی بە سوپای ڕووسیا کرد پلانەکانیان بۆ هێرش کردنە سەر وێستگەی بەرهەمهێنانی پۆڵای ئازۆڤستاڵ لەناو شاری ماریوپۆڵ هەڵبوەشێننەوە، کە لەوێ هەزاران سەربازیی ئۆکرانی و هاوڵاتیانی مەدەنی خۆیان حەشارداوە.
دوای دوو مانگ لە گەمارۆدانی شارەکە، پوتن سەرکەوتنی لە ماریوپۆڵ ڕاگەیاند، وتی هەوڵدان بۆ دەرهێنانی بەرگریکارانی ئۆکرانی لەو کارگەیەدا سوودی نیە.
پوتن لە کۆبوونەوەیەکدا لە کرێملن بە وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆی وت " پێم وایە پێشنیاری هێرش کردنەسەر ناوچە پیشەسازییەکە پێویست نەبێت. فەرمانت پێدەکەم هەڵیبوەشێنیتەوە."
وتی " هیچ پێویست ناکات بچیتە ناو ئەو تونێلانەوە و بە ژێر زەمینەکانی دامەزراوە پیشەسازییەکاندا بڕۆیت. ناوچە پیشەسازییەکە دابخەن تاوەکو تەنانەت مێشوولەیەکیش نەتوانێت بچێتە ناوەوە."
شویگۆ وتی نزیکەی 2000 سەربازی ئۆکرانی لە ناو وێستگەکەدا ماونەتەوە. پوتن داوای لێکردن خۆیان بدەن بە دەستەوە، وتی ڕووسیا بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.
شەوی ڕابردوو دانوستکاری باڵای ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک پێشنیاری کرد گفتوگۆکان لەناو ماریوپۆڵدا ئەنجام بدرێن و قسە لەسەر چارەنووسی دوایین بەرگریکارەکانی ماریوپۆڵ بکرێت.
پۆدۆلیاک وتی " بەبێ هیچ مەرجێک ئێمە ئامادەین گفتوگۆیەکی تایبەت لە ماریوپۆڵ ئەنجام بدەین."
وتیشی " گفتوگۆکە یەک بە یەک بێت یاخود دوو بە دوو، لەپێناو ڕزگارکردنی کوڕەکانماندا، هێزەکانی ئازۆڤ و هاوڵاتیانی مەدەنی و منداڵان و زیندووان و برینداران و هەمووان. چونکە ئەوان سەر بە ئێمەن. چونکە ئەوان تا هەتایە لە دڵمدان."
شاری ماریوپۆڵ لە سەرەتا دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لەژێر گەمارۆدا بووە و شەڕ و پێکدادانی قورسی تیادا ئەنجام دراوە، هەروەها خراپترین قەیرانی مرۆیی تێدایە.
ئۆکرانیا دەڵێت دەیان هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە ماریوپۆڵ کوژراون، بەڵام ڕووسیا ئێستا دەڵێت جگە لە وێستگەی پۆڵاکە شارەکە بەتەواوەتی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
فەرماندەیەکی یەکەی ئازۆڤی ئۆکرانیا داواکانی ڕووسیای بۆ خۆ بەدەستەوەدانی بەرگریکاران ڕەت کردەوە، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا سڤیاتۆسلاڤ پالامار داوای لە " لایەنی سێیەم " کرد گرەنتی پاراستنی سەدان هاوڵاتی مەدەنی بدات کە لە ژێر زەمینەکانی کارگەکەدا خۆیان حەشارداوە.
پالامار وتی " ڕێگەم بدەن پێتان بڵێم کە ئێمە مەرجەکانی ڕووسیا بۆ دەستبەردابوون لە چەکەکانمان قبوڵ ناکەین، هەروەها قبوڵی ناکەین بەرگریکارانمان خۆیان وەکو دیل بدەن بە دەستەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
پوتن دەڵێت پێویست ناکات هێرش بکەینە سەر وێستگەی پۆڵای ماریوپۆڵ کە لەوێ هەزاران ئۆکرانی خۆیان حەشارداوە
