سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس سەردانی مۆسکۆی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن پێی وت کە دۆخی نالەباری گەلی فەلەستینی ئازاری مۆسکۆ دەدات و پشتیوانی لە خواستەکەیان دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک.
پوتن وتی مۆسکۆ سەرنجی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات سەرەڕای خواستەکانی جەنگەکەی خۆی لە ئۆکرانیادا. بەڵام ڕاستەوخۆ ئاماژەی بە هێرشەکەی هێزەکانی ئۆکرانیا نەکرد بۆ ناو ڕۆژئاوای ڕووسیا کە لە ناکاو بوو و هێزەکانی ڕووسیای توشی سەرسوڕمان کرد و زیاتر لە 130,000 کەسی ناچار کرد هەڵبێن.
پوتن وتی " هەمووان بە باشی دەزانن کە بە داخەوە ئەمڕۆ ڕووسیا دەبێت چەک بە دەست بەرگری لە بەرژەوەندی و خەڵکەکەی خۆی بکات. بەڵام ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات، ئەوەی لە فەلەستین ڕوودەدات، بێگومان ئێمە ئاگادارین."
وتیشی " بێگومان بە ئازار و خەمەوە چاودێری ئەو کارەساتە مرۆییە دەکەین کە بەسەر فەلەستیندا هاتووە."
پوتن ئاماژەی بە کوژرانی نزیکەی 40,000 فەلەستینیدا لە ماوەی جەنگەکەی غەززەدا، چەکدارانی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و نزیکەی 1200 کەسییان کوشت و زیاتر لە 250 کەسی دیکەیان بە بارمتە گرت، ئەوەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا.
ڕووسیا پەیوەندییەکی درێژخایەنی لەگەڵ ئیسڕائیل و فەلەستینییەکانیشدا هەیە. بەڵام لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، مۆسکۆ ئیسڕائیلی بێزار کردووە بە میوانداریکردنی شاندەکانی حەماس و پوتن جەختی لە بارودۆخی نالەباری فەلەستینییەکان کردووەتەوە، جارێکییان وتی ناڵاندنی منداڵە فەلەستینییەکان " فرمێسک لە چاوەکانت دەڕژێنێت."
عەباسی تەمەن 88 ساڵ بە پوتنی وت ڕووسیا " یەکێکە لە ئازیزترین دۆستەکانی " گەلی فەلەستینی. وتی " ئێمە باوەڕمان بە ئێوەیە، متمانەتان پێدەکەین و هەست بە پشتگیرییەکەتان دەکەین."
وتیشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ڕووسیا یەکێکە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی کە مافی بەکارهێنانی ڤیتۆیان هەیە، دەبێت کار بکات " بۆ ڕاگرتنی ئەو کارانەی کە ئیسڕائیل ئەنجامییان دەدات." ئەوەش دوای ئەوەی دادوەرانی دادگای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی ڕابردوو بڕیاریاندا کە " داگیرکردنی خاکە فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە و نیشتەجێیەکانی ئیسڕائیل لەوێ " نایاساییە.
ڕووسیا هەوڵیداوە خۆی وەکو دروستکەری ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیشان بدات، بەڵام پوتن ئەمجارە هیچ دەستپێشخەرییەکی نوێی ڕانەگەیاند و تەنها جەختی لە پشتگیری خۆی بۆ دەوڵەتێکی فەلەستینی کردەوە و هەروەها ڕایگەیاند کە ڕووسیا پابەندە بە دابینکردنی یارمەتیی مرۆییەوە.
لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ڕووسیا هەوڵی پەیوەندییەکی نزیکتری داوە لەگەڵ ئێراندا، سەرچاوە ئێرانییەکان هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆیتەرزییان وت مۆسکۆ داوای لە تاران کردووە دان بە خۆیدا بگرێت و خۆی بە دووربگرێت لە کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیلی ئیسڕائیلی، ئەوەش دوای کوژرانی سەرکردەیەکی حەماس لە تاران.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز