سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕۆژی سێشەممە وتی دژی ڕەوانەکردنی چەکی ئەتۆمییە بۆ بۆشایی ئاسمان، ئەو تۆمەتانەی ئەمەریکای ڕەت کردەوە کە گوایە مۆسکۆ پەرە بە چەکێکی دژە مانگی دەستکرد دەدات کە لە بۆشایی ئاسمان جێگیر دەکرێت.
هەفتەی ڕابردوو واشنتن وتی نیگەرانە سەبارەت بەوەی ڕووسیا پەرە بە سیستمێک دەدات لە کاتێکدا دەشڵێت هیچ مەترسییەکی دەستبەجێی نیە بۆ سەر خەڵکی سەر زەوی.
پوتن لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆدا وتی " هەمیشە دژی دانانی چەکی ئەتۆمی بووین لە بۆشایی ئاسماندا."
وتی ئەو تۆمەتانە بەشێکن لەو " دەنگە دەنگەی کە لە ڕۆژئاوادا بەرز دەبنەوە."
شوێگۆ وتی ڕووسیا " ئەو سیستمەی " نیە کە واشنتن باسی لێوە کردووە و تۆمەتباری کردووە پێی.
پوتن وتی ڕووسیا " چەندین جار پێشنیاری ئەوەی کردووە هاریکارییە هاوبەشەکان لە بۆشایی ئاسماندا پتەوبکرێن بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار لە ڕۆژئاوادا ئەم بابەتە جارێکی دیکە باس نەکراوەتەوە."
هێرشەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و سزا توندەکانی ڕۆژئاوا بە توندی زیانییان بە کەرتی بۆشایی ئاسمانی ڕووسیا گەیاندووە و هاریکارییەکانی لە بۆشایی ئاسماندا تێکداوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس