Accessibility links

پوتن: ڕوسیا ئامادەیە قۆناغ بە قۆناغ موشەکی ناوەکیی بڵاوبکاتەوە


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی ساڵی داهاتوو لەوانەیە ڕوسیا یەکەمین کۆمەڵەی موشەک بڵاوبکاتەوە کە توانای ناوەکییان هەیە و پێنج هێندە لە خێرایی دەنگ خێراترن. ڕوونیشی کردەوە کە ئێستا وڵاتەکەی جۆرێکی نوێی چەکی ستراتیژی هەیە.

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن دوای سەرپەرشتیکردنی تاقیکردنەوەیەکی سیستمی موشەکی نوێ بە ناوی ئاڤانگاردەوە ئەم لێدوانانەیدا.

سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ حکومەت وتی " ئەو تاقیکردنەوەیەی کە ئێستا تەواو بوو، تەواو بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا."

وتیشی " لە ساڵی داهاتووەوە هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا سیستمی ستراتیژی نوێ کیشوەڕبڕیان دەست دەکەوێت بە ناوی ئاڤانگارد. ئەوە ساتێکی گرنگە لە مێژووی هێزە چەکدارەکان و مێژووی وڵاتەکەدا. ڕوسیا جۆرێکی نوێی چەکی ستراتیژی دەستکەوت."

ڕوسیا ڕایگەیاند ئەو سیستمی موشەکە نوێیە کە یەکێکە لەو کۆمەڵە چەکەی کە پوتن لە مانگی سێدا ئاشکرای کردن، دەتوانێت بە ئاسانی سیستمەکانی بەرگری دژە موشەک ببڕێت.

پوتن لە بینای وەزارەتی بەرگرییەوە لە مۆسکۆ بینەری تاقیکردنەوەکە بوو. کرێملن لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو موشەکە ئاڤانگاردەی کە لە باشووری ڕۆژئاوای ڕوسیاوە هەڵدرا بە سەرکەوتوویی ئامانجەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ڕوسیا پێکاوە.

لە مانگی سێدا پوتن کۆمەڵێک چەکی نوێی ڕوسی ئاشکرا کرد و یەکێک لەوانە ئاڤانگارد بوو، پوتن دەڵێت ئەو سیستمی موشەکە لە توانایدا هەیە لە هەر خاڵێکی جیهان بدات و دەشتوانێت دژە موشەکی ئەمەریکی ببڕێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG