Accessibility links

مێرکڵ و پوتن کۆبوونەوە


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ و سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لە میانەی کۆبوونەوەیەکی قورسی نێوانیاندا گفتوگۆیان لەسەر هەریەک لە بابەتەکانی سوریا و ئۆکرانیا و ئێران و پڕۆژەی هێڵەکانی بۆری گاز لە ڕوسیاوە بۆ ئەڵمانیا کرد، کۆبوونەوەکەش بەبێ گەیشتن بە هیچ ڕێکەوتنێک کۆتایی هات.

دوای کۆبوونەوەکەی نێوان ئانگێلا مێرکڵ و ڤلادیمێر پوتن، وتەبێژی کرێملن دیمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت نەگەیشتوون بە هیچ ڕێكەوتنێک بەڵام مەبەست لە کۆبوونەوەکە تەنها پێداچوونەوە بووە بە هەڵوێستەکاندا.

دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا ڕوسیا دوورگەی کرێمیای ئۆکرانیای داگیرکرد، پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و ڕوسیا گرژیی تێکەوت.

پێسکۆڤ وتی دوو ڕابەرەکە پێیان وایە پڕۆژەی هێڵەکانی بۆری گاز نۆردم ستریم 2 تەنها پڕۆژەیەکی بازرگانییە، ئەمەش سەرەڕای ڕەخنە بەردەوامەکانی هەردوو حکومەتی ئەمەریکا و ئۆکرانیا لە پڕۆژەکە.

مێرکڵ لە دەستپێکی گفتوگۆکاندا پێشبینی ئەوەی کرد ئۆکرانیا بیەوێت بەردەوام بێت لە گواستنەوەی گاز بۆ ئەوروپا و پێشوازی لە دەستپێکردنی گفتوگۆکان کرد لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئۆکرانیا و ڕوسیادا سەبارەت بەم بابەتە.

ئەمەریکا دەڵێت ئەم پڕۆژەیە وا لە ئەڵمانیا دەکات لەڕووی وزەوە زیاتر پشت بە ڕوسیا ببەستێت لەکاتێکدا ئۆکرانیا لەوە دەترسێت هێڵەکەی ڕوسیا بۆ ئەڵمانیا وای لێبکات چیتر نەتوانێت گاز بگوازێتەوە بۆ ئەوروپا.

سەبارەت بە سوریا، مێرکڵ وتی پێویستە لەسەر هەردوو وڵاتەکە بەرپرسیارێتی دۆزینەوەی چارەسەرێک بگرنە ئەستۆ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی بەردەوامی ناو سوریا و ئۆکرانیا.

مێرکڵ وتیشی بەنیازە باس لە بابەتی مافەکانی مرۆڤ و پەیوەندییەکانی نێوانیان بکات لەگەڵ پوتندا و وتی " من لەگەڵ ئەو قسەیەدام کە دەڵێت ناکۆکییەکان چارەسەر ناکرێن تەنها بە گفتوگۆکردن نەبێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG