Accessibility links

سەرۆکی پێشووی کەتەلۆنیا لە ئەڵمانیا دەستگیر کرا


پۆلیسی ئەڵمانیا وتی سەرۆکی دەرکراوی پێشووی کەتەلۆنیا کارلس پودگیمۆنت لە ئەڵمانیا دەستگیرکرا لەکاتێکدا ویستوویەتی لە سنووری دانیمارک بپەڕێتەوە.

پارێزەرەکەی پودگیمۆنت ئەڵۆنسۆ کویڤیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەستگیرکردنەکەی پشتڕاستکردەوە و وتی پودگیمۆنت بەرەو بەلجیکا ڕۆشتووە دوای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرابوو بەهۆی ڕۆڵیەوە لە ڕیفراندۆمەکەی کەتەلۆنیادا کە بۆ سەربەخۆیی ئەنجامیاندا لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوودا.

لە ڕاپۆرتێکی هەواڵیدا لە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوکراوەتەوە دەڵێت پودگیمۆنت ڕۆژی دووشەممە لەبەردەم دادگایەکی ئەڵمانیدا دەردەکەوێت بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت لەسەر ئەوەی ئایا بگەڕێنرێتەوە بۆ ئیسپانیا یاخوود نا. بەپێی ئەسۆشیەتد پرێس دەستگیرکردنەکەی پودگیمۆنت بووە هۆی کەوتنەوەی خۆپیشاندان لە ئیسپانیادا.

ئەڵۆنسۆ کویڤیا نوسیویەتی " پودگیمۆنت بەرەو بەلجیکا ڕۆشتووە خۆی پێشکەش بکات، وەکو هەمیشە، لەبەردەم دادگای بەلجیکادا."

ئەم دەستگیرکردنەی پودگیمۆتیش دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای ئیسپانیا هات بۆ تۆمەتبارکردنی 13 کەس لە ڕێبەرانی کەتەلۆنیا، ئەمەش لەسەر ئەو هەوڵانەی ساڵی ڕابردوو دایان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و جیابوونەوەیان لە ئیسپانیا.

پودگیمۆنت فەرمانێکی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ دەرچووبوو کە لەلایەن ئیسپانیاوەدەرکرابوو، بەو هۆیەوە پۆلیسی ئەڵمانیا دەستگیری کردووە. پودگیمۆنت لەوانەیە ڕووبەڕووی سزای 25 ساڵ لە زیندان ببێتەوە.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG