Accessibility links

خۆپیشاندەرێک لەبەردەم کونسوڵخانەی ئیسڕائیل لە ئەتڵانتای ئەمەریکا خۆی دەسووتێنێت


خۆپیشاندەران لەبەردەم کونسوڵخانەی ئیسڕائیل لە ئەتڵانتا
خۆپیشاندەران لەبەردەم کونسوڵخانەی ئیسڕائیل لە ئەتڵانتا

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن خۆپیشاندەرێک لەبەردەم کونسوڵخانەی ئیسڕائیلدا لە شاری ئەتڵانتای ویلایەتی جۆرجیا خۆی سوتاندووە و لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە. پاسەوانێکی ئاسایش کە هەوڵیداوە ڕێگەی لێبگرێت ئەویش بە هەمان شێوە سووتاوە.

دارین شایەربوم سەرۆکی پۆلیسی شاری ئەتڵانتا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی ئاڵایەکی فەلەستینی لە شوێنی ڕووداوەکەدا دۆزراوەتەوە کە بەشێک بووە لە هێماکانی خۆپیشاندانەکە.

وتیشی لێکۆڵەرەوان پێیان وانییە ڕووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە تیرۆرەوە هەبووبێت و هیچ کام لە کارمەندانی کونسوڵخانەکە لە مەترسیدا نەبوون.

وتی " ئێمە هیچ هەڕەشەیەک لێرەدا نابینین. باوەڕمان وایە ئەوەی کە ڕوویدا ڕەفتارێکی توندڕەوی خۆپیشاندانی سیاسی بووە."

بەرپرسان ناو و تەمەن یاخود ڕەگەزی خۆپیشاندەرەکەیان ئاشکرا نەکرد. بەڕێوبەری ئاگرکوژێنەوەی ئەتڵانتا ڕۆدریک سمیث وتی کەسێک لە دەرەوەی بینایەک لە گەڕەکێکی ناوەڕاستی شارەکە خۆی سوتاندووە و گازۆلینی بەکارهێناوە.

سمیث وتی خۆپیشاندەرەکە لە دۆخێکی خراپدایە و لەشی سوتاوە. ئەو پاسەوانەشی کە هەوڵیداوە ڕایبگرێت ئەویش مەچەک و قاچی سوتاوە.

شایەربوم وتی پۆلیس ئاگاداری زیادبوونی گرژییەکانە لە نێوان کۆمەڵگەکانی موسوڵمان و جووەکاندا و ئەرکەکانی لە چەند شوێنێکی دیاریکراودا زیاتر کردووە، لەوانەش، کونسوڵخانەکەی ئیسڕائیل.

هەروەها ماڵپەڕی ڕاستوری ئەمەریکا لە تۆڕی ئیکس ڕاپۆرتێکی بڵاو کردوەتەوە و دەڵێت خۆپیشاندەرەکە کە ئاڵای فەلەستینی بەدەستەوە بووە، ژنێک بووە کە پاشنیوەڕۆی هەینی لە بەردەم کونسوڵخانەی ئیسرائیلی لە ئەتڵانتا بە بەنزین خۆی سووتاندووە.

بەهۆی جەنگەکەی حەماس و ئیسڕائیلەوە، خۆپیشاندانەکان و گرژییەکان لە ئەمەریکا پەرەیان سەندووە.

سەرچاوەکان/ AP/Raw Story

XS
SM
MD
LG