Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئوردن: ئەوەی ئوردن بینی هەوڵی کودەتا نەبوو و شازادە حەمزەش دادگایی ناکرێت


سەرۆک وەزیری ئوردن بشر خەزاونە بە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی وت ئەو قەیرانەی ئەمدواییانە ڕووبەڕووی ئوردن بۆوە هەوڵی کودەتا نەبوو، جەختیشی لەوە کردەوە شازادەی جێنشینی پێشوو حەمزە کە بە تۆمەتی " تێکدانی سەقامگیری ئوردن " تۆمەتبارکرابوو، دادگایی ناکرێت.

نوێنەری ئیسلامیەکان ساڵح عەرموتی بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت خەزاونە " بوونی کودەتای ڕەت کردۆتەوە، بۆ من ئەگەر کودەتا نەبووبێت ئەی چی بوو؟"

وتیشی سەرۆک وەزیر " پێی وتین دۆسیەکە ڕەوانەی دادوەری گشتی کراوە، بەڵام باسی لەوە نەکرد دۆسیەکە ڕەوانەی دادوەری گشتی دادگای ئاسایشی دەوڵەت کراوە یاخود دادوەرێکی گشتی ئاسایی."

عەرموتی ئاماژەشی بەوەدا خەزاونە ڕوونی کردۆتەوە شازادە حەمزە دادگایی ناکرێت، جەختی لەوە کردەوە " بابەتی شازادە حەمزە لەناو خێزانی پاشایەتیدا چارەسەر کراوە."

لەلای خۆشیەوە نوێنەر خەلیل عەتیە بە فرانس پرێسی وت " سەرۆک وەزیر هەرگیز وشەی پلانگێڕان یاخود کودەتای بەکار نەهێناوە، ئەو بوونی کودەتای ڕەت کردۆتەوە و دەستەواژەی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی بەکارهێناوە."

جێی ئاماژەیە لە چواری مانگی 4 دا حکومەتی ئوردن شازادە حەمزە و کۆمەڵێک کەسی دیکەی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " پلانگێڕان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ئوردن." دواتر نزیکەی 20 کەس دەستگیرکران، لەنێویشیاندا سەرۆکی پێشووی دیوانی پاشایەتی تێدابوو، هەروەها شازادە حەمزەشیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرد.

دواتر ڕۆژی یەکشەممە شازادە حەمزە و شای ئوردن پێکەوە لە ئاهەنگی ساڵیادی دامەزراندنی ئوردندا دەرکەوتن، ئەمەش یەکەمین دەرکەوتنی ئاشکرایان بوو دوای ئەو قەیرانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکە بۆوە.

ڕۆژی دووشەممە شازادە حەمزە لە پەیامێکدا بە ئامادەبوونی شازادەکان وتی " هەمیشە بە دڵسۆزی " دەمێنێتەوە بۆ شا و شازادەی جێنشینی وڵاتەکە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG