Accessibility links

شازادە بەندەر: سعودیە دەبێت سەنگ بخاتە سەر بەرژوەندییەکانی لەکاتێکدا خزمەت بە پرسی فەڵەستینیەکان دەکات


شازادە بەندەر بن سوڵتان

سەرۆکی پێشووی هەواڵگری سعودیە و نوێنەری سعودیە بۆ ئەمەریکا شازادە بەندەر بن سوڵتان بن عەبدولعەزیز وتی سعودیە دەبێت سەنگ بخاتە سەر بەرژەوەندیی و ئاسایشی خۆی لەکاتێکدا پشتیوانی لە پرسی فەڵەستینیەکان دەکات.

لە چاوپێکەوتنێکدا شازادە بەندەر دووبارە ڕەخنەی لە ڕابەرانی فەڵەستین گرتەوە.

وتی " ئێمە لە قۆناغێکداین لە جیاتی ئەوەی نیگەرانی ئەوەبین چۆن ڕووبەڕووی کێشەکانی ئیسڕائیل ببینەوە لەپێناو خزمەتکردن بە پرسی فەڵەستینەکان، دەبێت ئاگاداری بەرژەوەندی و ئاسایشی خۆمان بین."

شازادە بەندەر پێشتر ڕەخنەی لە ڕابەرانی فەڵەستین گرت لەسەر " ‌هەڵچوون و قسە بێزراوەکانیان " لە دژی بڕیاری هەندێک لە وڵاتانی کەنداو بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل.

لە مانگی هەشتدا ئیماڕات و ئیسڕائیل ڕێکەوتنێکی مێژووییان واژۆکرد بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و دواتر بەحرەینیش بە هەمان شێوە لەگەڵ ئیسڕائیلدا ڕێکەوت. ڕابەرانی فەڵەستین ڕێکەوتنەکەیان بە " ناپاکیکردن لە پرسی فەڵەستینیەکان " ناودێرکرد.

فەڵەستینیەکان لەوە دەترسن ئەم ڕێکەوتنانە ببنە هۆی لاوازکردنی دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی کە تیایدا داوا لە ئیسڕائیل دەکات لە هەموو خاکە داگیرکراوەکان بکێشێتەوە و بە دەوڵەتی فەڵەستین ڕازی ببێت، لەبەرامبەر ئەوەشدا وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی دەکەنەوە.

بەڵام ئەم جۆرە ڕێکەوتنانە وەکو ستراتیژییەکی بەهێز دەبیندرێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دژی ئێران، بەڵام سعودیە کە تاوەکو ئێستا ڕاستەوخۆ هیچ لێدوانێکی لەسەر ڕێکەوتنەکان نەداوە دەڵێت هێشتا پابەندە بە ئاشتیەوە بەڵام بەپێی دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی.

شازادە بەندەر وتی ڕابەرانی فەڵەستین زیاتر پشتیان بە " یاریکەرە نوێیەکانی ناو وێنەکە بەستووە " لەوانەش تورکیا و ئێران وەک لەوەی پشتیان بە سعودیە و وڵاتانی کەنداو بەستبێت.

وتیشی " تورکیا لیبیا داگیردەکات و دەیەوێت لەڕێی کشاندنەوەی باڵیۆزەکەی لە ئەبوزەبی ئۆرشەلیم ئازاد بکات. ئێران دەیەوێت لەڕێی حوسییەکانی یەمەن یاخود حیزبوڵای لوبنانیەوە ئۆرشەلیم ئازاد بکات."

هەروەها بە درێژی باسی لە پشتیوانیە دورودرێژەکانی سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو کرد بۆ پرسی فەڵەستینەکان و ئاماژەی بەوەدا پێنەزانینی ڕابەرانی فەڵەستین بەو هەوڵانە کاریگەری نابێت لەسەر پرسەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG