Accessibility links

لە هێرشێکدا لە زانکۆی پراگ، 14 کەس دەکوژرێن


پۆلیسی پراگی پایتەختی چیک دەڵێت خوێندکارێکی تەمەن 24 ساڵی چیکی تەقەی لە باوکی خۆی کردووە و کوشتوویەتی و دواتر لە زانکۆی پراگ 14 کەسی کوشتووە و 25 کەسی دیکەی بریندار کردووە.

لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کابینەی حکومەتی چیکدا لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکە پیتر پاڤێڵ، حکومەتی چیک ڕۆژی 23 ی مانگی دوانزەی وەکو ڕۆژێک بۆ ماتەمینی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕاگەیاند، ئەوەش بۆ یادکردنەوەی قوربانییەکان.

پاڤێڵ وتی " دڵگرانی و توڕەیی بێدەسەڵاتی خۆم دەردەبڕم لەسەر لە دەستدانی ژیانی ئەو ژمارە زۆرەی گەنج کە پێویست نەبووە ژیانییان لە دەست بدەن."

وتیشی " دەمەوێت پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی سەرجەم کەسوکاری قوربانییەکان بکەم، بۆ هەموو ئەوانەی کە لەم کارەساتەدا بوون، کارەساتترین ڕووداو لە مێژووی کۆماری چیکدا."

پۆلیس کە بڕێکی زۆر لە چەکی لە بینای زانکۆی پراگ چاڕڵیزدا دۆزییەوە، کە لەوێ تەقەکردنەکەدا ڕوویدا، لە ماوەی ڕابردوودا زانیبووی کە پێدەچێت گومانلێکراوەکە لە شارۆچکەکەی خۆی لە هەرێمی کلادنۆوە بەرەو پراگ بەڕێکەوتبێت، بە نیازی ئەوەی خۆی بکوژێت.

ماوەیەکی کورت دوای ئەوە، باوکی تەقەکەرەکە بە مردوویی دۆزرایەوە.

سەرۆکی پۆلیس مارتن ڤۆندراسیک وتی پۆلیس بینای بەشی هونەرەکانی چۆڵ کرد کە بڕیار بوو تەقەکەرەکە لەوێ ئامادەی وانەیەک بێت، بەڵام دواتر پۆلیس بانگکرا بۆ بینای سەرەکی بەشەکە کە گەورەترە، چەند خولەکێک دوای هەواڵی ڕوودانی تەقەکردنەکە پۆلیس گەیشتە بیناکە.

وتی " پۆلیس زانیاری پشتڕاست نەکراوەی هەبووە لە هەژمارێکی تۆڕێکی کۆمەڵایەتییەوە لەسەر ئەوەی کە گوایە پاڵنەری تەقەکەرەکە هێرشێکی تیرۆریستی بووە لە پاییزی ئەم ساڵدا لە ڕووسیا." وتیشی تەقەکەرەکە بە شێوەیەکی یاسایی خاوەنی چەندین چەک بووە.

وتی " کارێکی ترسناک بووە کە پێشتر پلانی بۆ داندراوە و لە هەرێمی کلادنۆوە دەستیپێکرد و بە داخەوە لێرە کۆتایی هات."

ڤۆندراسیک وتی چەکدارەکە گومانلێکراویش بووە لەسەر کوشتنی پیاوێکی دیکە و کچە دوو مانگەکەی کە هەفتەی ڕابردوو لە دارستانێکی گوندێکی دەرەوەی پراگ بە مردوویی دۆزرانەوە.

وتیشی مردنی چەکدارەکە پێدەچێت ئەرکێکی خۆکوژی بووبێت، بەڵام بەرپرسان لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن کە ئایا لەلایەن پۆلیسەوە کوژراوە یاخود نا.

پۆلیس وتی چەکدارەکە خوێندکارێکی زیرەک بووە و هیچ تۆمارێکی پێشینەی تاوانی نەبووە و بە تەنها ئەو کارەی کردووە.

وەزیری ناوخۆی چیک ڤیت ڕاکوسان وتی تەقەکردنەکە هیچ پەیوەندییەکی بە تیرۆری نێودەوڵەتییەوە نەبووە.

سەرۆکی شارەوانی پراگ بوهوسلاڤ سڤۆبۆدا وتی " هەمیشە پێمان وابووە ئەمە شتێکە کە ئێمە ناگرێتەوە. ئێستا دەرکەوت کە بە داخەوە جیهانەکەمان لە گۆڕاندایە و کێشەی تەقەکردنی تاک گەیشتووەتە ئێرەش."

کۆشکی سپی سەرکۆنەی تەقەکردنەکەی کرد و وتی ئەمەریکا ئامادەیە یارمەتی پێشکەش بکات، ڕابەرانی وڵاتانی سەرانسەری ئەوروپاش بە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنیشەوە پشتیوانی خۆیان بۆ چیک دەربڕیوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG