سەرۆک وەزیرانی پورتوگال ئەنتۆنیۆ کۆستا دەڵێت پورتوگال تانکی لیۆپاردی 2 دەدات بە ئۆکرانیا، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا چەند تانک ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکرێن.
کۆستا وتی پورتوگال لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەڵمانیادا سەبارەت بە دەستکەوتنی پارچەی ژمارەیەک لەو تانکە لیۆپاردانەی کە لە کۆگاکانی چەکی پورتوگالدان و کارناکەن.
کۆستا بە دەزگای هەواڵی لوسای وت " ئێمە لە ئێستادا کاردەکەین بۆ ئەوەی بتوانین هەندێک لە تانکەکانمان دابەش بکەین. دەزانم چەند تانک ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکرێن بەڵام ئەوە لە کاتێکی گونجاودا ڕادەگەیەندرێت."
مانگی ڕابردوو سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی پورتوگال ئەدمیڕاڵ ئەنتۆنیۆ سیلڤا ڕیبێرۆ وتی پورتوگال 37 تانکی لیۆپاردی 2 ی هەیە، بەڵام دەزگا ڕاگەیاندنەکانی وڵاتەکە ئاماژەیان بەوەداوە زۆربەی ئەو تانکانە لە کارکەوتوون.
کۆستا وتی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەڵمانیادا کار دەکات بۆ ئەوەی ئەو پارچانەی دەستبکەوێت کە پێویستن بۆ چاککردنەوەی ئەو تانکانەی کە لە کارکەوتوون، وتیشی هیوادارە تاوەکو کۆتایی مانگی سێ تانکەکان ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات.
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا وتی وڵاتەکە 120 بۆ 140 تانکی ڕۆژئاوایی لە 12 وڵاتی هاوپەیمانەوە وەردەگرێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەرۆک وەزیرانی پورتوگال: پورتوگال تانکی لیۆپارد دەدات بە ئۆکرانیا
