Accessibility links

حەشدی شەعبی دەڵێت بێدەنگ نابین لەسەر هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا


هێزەکانی حەشدی شەعبی وتی بێدەنگ نابێت سەبارەت بەو هێرشە ئاسمانییەی کە گوایە ئەمەریکا ئەنجامیداوە لەسەر سنووری سوریا و لە ئەنجامدا 22 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.

جەمال جەعفەر کە ناسراوە بە ئەبو مەهدی موهەندس یەکێکە لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی و دەڵێت " بە ئەمەریکییەکان دەڵێین، ئێمە وەکو حەشد سەر بە حکومەتی عێڕاقین و سەر بە سەرکردەی هێزە چەکدارەکانین بەڵام بێدەنگ نابین لەسەر ئەو هێرشە."

ئەبو موهەندس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی هێزەکانی حەشدی شەعبی پارچەکانی ئەو موشەکەیان کۆکردۆتەوە کە لە هێرشەکەدا بەکارهاتووە، ئاماژەشی بەوەدا کە ئەو پارچانە سەلماندوویانە هێرشەکە ئەمەریکی بووە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە حەشدی شەعبی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانی لە شارۆچکەی ئەلبوکمالی سەر سنووری سوریا کە بووە هۆی کوژرانی کۆمەڵێک چەکدار و برینداربوونی 12 چەکداری دیکە.

لەلای خۆشیەوە ئەمەریکا ڕەتی کردەوە دەستی هەبووبێت لەو هێرشەدا. سوپای عێراق ڕایگەیاند ئەو هێزە عێراقییانەی کە ئەرکی پاراستنی سنووری عێراق و سوریایان پێ سپێردراوە لە هێرشە ئاسمانییەکەدا بەرنەکەوتوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG