پاپا فرانسیس داوای لە بەرپرسانی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان کرد هەوڵی زیاتر بدەن بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە نێوانیاندا، ئەوەش دوابەدوای هێرشەکانی ئەمدواییانە لە ئۆرشەلیم و پێکدادانەکان لە کەناری ڕۆژئاوادا.
پاپا فرانسیس لە میانەی وتارەکەی ڕۆژی یەکشەممەیدا بۆ دەیان هەزاران کەس لە گۆڕەپانی سەینت پیتەرس وتی " توندوتیژی داهاتووی هەردوولایان دەکوژێت."
ڕۆژی چوارشەممە دوو بۆمب لە شوێنی وەستانی پاسدا لە قەراغ شاری ئۆرشەلیم تەقینەوە، بەهۆیەوە کوڕێکی تەمەن 16 ساڵ گیانی لە دەستدا و لانیکەم 14 کەسی دیکەش بریندار بوون، وادەردەکەوت هێرشەکە لەلایەن چەکدارانی فەڵەستینییەوە ئەنجام درابێت. ڕۆژی شەممەش پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لە دەستدا.
درەنگانێکی شەوی سێشەممە لە میانەی پێکدادانێکدا لە شاری نابلوسی کەناری ڕۆژئاوا کوڕێکی 16 ساڵی فەڵەستینی بە فیشەکی هێزەکانی ئیسڕائیل کوژرا.
پاپا فرانسیس باسی لە هەردوو ڕووداوەکە کرد، تەقینەوەکانی ئۆرشەلیمی بە " کارێکی بەد " ناوبرد و وتی نیگەرانە سەبارەت بە زیادبوونی گرژییەکان لەم چەند مانگەی ڕابردوودا.
وتی " توندوتیژی داهاتوو دەکوژێت، ژیانی گەنجەکان تێکدەدات و هیواکان بۆ ئاشتی لاواز دەکات. نزا دەکەین بۆ ئەو گەنجانەی کە گیانیان لە دەستدا و بۆ خێزانەکانیشیان، بە تایبەتی بۆ دایکییان."
وتیشی " هیوادارم بەرپرسانی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان بە دڵ هەوڵی گفتوگۆکردن بدەن، متمانەیەک بە یەکتری دروست بکەن، بەبێ ئەو متمانەیە هەرگیز چارەسەرێک نادۆزرێتەوە لە خاکی پیرۆزدا ."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز