Accessibility links

پاپا فرانسیس گەیشتە میانمار


پاپا فرانسیس ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە یانگۆن لە میانمار لە دەستپێکی سەردانێکدا کە زۆر هەستیارە بۆ وڵاتێک کە زۆرینەی دانیشتوانی بوزین و ئەمەریکا تۆمەتباری کردووە بە ئەنجامدانی پاکتاوی ڕەگەزی لەسەر موسوڵمانەکانی ڕۆهینجیا.

پاپا فرانسیس سەردانی بەنگلادیشیش دەکات کە زیاتر لە 620 هەزار ڕۆهینجیا هەڵهاتوون بۆ ئەوێ.

سوپای میانماریش هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە کە ئاڕاستەی کراون لەوانەش کوشتن و دەستدرێژی سێکسی و توندڕەوی.

جێی ئاماژەیە لە کۆی گشتی دانیشتوانی میانمار کە دەگاتە 51 ملیۆن تەنها 700 هەزار کاثۆلیکی لێ دەژین و هەزاران کاثۆلیکی بە شەمەندەفەر و پاسەکان ڕۆشتوون بۆ یانگۆن و بەدرێژایی ڕێگاکە بۆ فڕۆکەخانە بڵاوبوونەتەوە بۆ بینینی پاپا.

سەردانەکە هەستیارە و تەنانەت هەندێک لە ڕاوێژکارەکانی پاپا هۆشیاریانداوە لە ئاماژە پێکردنی وشەی ڕۆژهینجیا بۆ ئەوەی گرژییەکی سیاسیی دروست نەبێت و سوپا و حکومەت بەسەر مەسیحییە کەمینەکاندا هەڵنەگەڕێنەوە.

ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس لە شاری سەرەکی میانماردا بڵاوبوونەتەوە بەڵام هیچ ئاماژەیەکی ناڕەزایی دەربڕین دیار نیە.

واچاوەڕواندەکرێت پاپا فرانسیس لە داکای پایتەختی بەنگلادیش چاوی بە کۆمەڵێک ڕۆهینجیا بکەوێت.

ئەوەی کە هەستیارە لە سەردانەکەی پاپا فرانسیسدا بۆ میانمار کۆبوونەوەکەیەتی لەگەڵ هەریەک لە سەرکردەی سوپا جەنەڕاڵ مین ئۆنگ هڵینگ و ڕابەری مەدەنی وڵاتەکە ئۆنگ سان سو کیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG