Accessibility links

پاپا فرانسیس: جیهان یەک هەنگاو دوورە لە جەنگی ناوەکییەوە


پاپا فرانسیس وتی بەڕاستی دەترسێت لە هەڵگیرسانی جەنگی ناوەکیی و جیهان ئێستا زۆر نزیکە لەو مەترسییەوە.

لەڕێگایدا بۆ چیلی و پیرۆ، پاپا فرانسیس ئەم لێدوانانەیدا دوای ئەوەی ئاگادارکەرەوەکی هەڵە لە هاوای درا سەبارەت بە هەڵدانی موشەک کە ئەوەش بووە هۆی کەوتنەوەی ترس لە ئەمەریکادا و هەروەها تیشکی خستە سەر ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی ناوەکیی لەگەڵ کۆریای باکووردا بەبێ مەبەست.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی ناوەکیی، پاپا وتی " پێم وایە ئێمە زۆر نزیکین لەوەوە. بەڕاستی لەوە دەترسم. یەک ڕووداو بەسە بۆ هەڵگیرسانی ئەو جەنگە."

بەڵام پاپا ئاماژەی بە هاوای یاخوود کۆریای باکوور نەدا.

جێی ئاماژەیە پاپا فرانسین زۆرکات ئاماژە بە مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی ناوەکیی دەدات کە کڵێسای کاثۆلیکی بەتەواوەتی چەکی ناوەکیی ڕەت دەکاتەوە و پاپا فرانسیس لە مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوودا وتی هیچ وڵاتێک نابێت چەکی ناوەکیی هەبێت تەنانەت ئەگەر بۆ بەرگریکردنیش بێت.

کاتێک ڕۆژنامەنووسەکان چوونە ناو فڕۆکەکەی پاپا فرانسیسیەوە کە بەرەو چیلی دەڕۆیشت، بەرپرسانی ڤاتیکان وێنەیەکیان بڵاوکردەوە کە لە ساڵی 1945 دا گیراوە و لە وێنەکەدا منداڵێک دەبینرێت لاشەی براکەی بە کۆڵ هەڵگرتووە دوای هێرشە ناوەکییەکەی ئەمەریکا بۆ سەر شاری ناگازاکی ژاپۆن.

پاپا وتی " کاتێک بینیم زۆری کاری تێکردم، ئەمە بەرهەمی جەنگە. ئەوە تەنها شتە کە دەتوانم بیری لێبکەمەوە لەسەر وێنەکە."

وتیشی " ویستم دووبارە ئەو وێنەیە کۆپی بکەمەوە و بڵاوی بکەمەوە چونکە وێنەیەکی لەمشێوەیە دەتوانێت کاریگەری زیاتر لە هەزار وشەی هەبێت. لەبەر ئەو هۆکارە بوو ویستم پیشانتان بدەم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG