Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە کۆریای باکوور


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ ئەمڕۆ گەیشتە کۆریای باکوور بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانەکانی پیۆنگیانگ بۆ دەستبەرداربوونی لە بەرنامە ناوەکییەکەیی و ئامادەیی ئەو وڵاتە بۆ گەڕاندنەوەی لاشەی ئەو سەربازە ئەمەریکییانەی کە لە جەنگی کۆریادا ونبوون.

لە ڕاپۆرتی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسدا هاتووە کە هاوەڵی پەمپیۆیان کردووە دەڵێت گەیشتۆتە پیۆنگیانگ و چاوی بە بەرپرسی باڵای کۆریای باکوور کیم یۆنگ چول کەوتووە کە ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لەگەڵ پەمپیۆدا بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئوندا.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێ واچاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکەی نێوان پەمپیۆ و کیم یۆنگ چول دوو کاتژمێر بخایەنێت، لە کاتێکدا هێشتا پشت ڕاست نەکراوەتەوە کە ئایا پەمپیۆ چاوی بە ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون دەکەوێت یان نا. پەمپیۆ ڕۆژ و نیوێک لە کۆریای باکوور بەسەر دەبات، ئەمەش یەکەمین شەویەتی لەوێ بمێنێتەوە.

پەمپیۆ هەوڵدەدات هەندێک وردەکاری سەبارەت بە بەرپرسیارێتییەکانی کۆریای باکوور وەربگرێت و پارێزگاری لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە بکات کە لەمیانەی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک ترامپ و کیم جۆنگ ئوندا واژۆ کرا.

هەروەها یەکێک لە ئامانجەکانی دیکەی سەردانەکەی پەمپیۆ بابەتی لاشەی سەربازە ئەمەریکییەکانە کە لەمیانەی جەنگی کۆریادا لە ساڵانی نێوان 1950 و 1953 دا ونبوون و ژمارەیان دەگاتە 200 سەرباز. سەرۆک ترامپ دوای کۆبوونەوەکەی سینگافورە وتی کیم ڕازی بووە لاشەکان ڕادەستی ئەمەریکا بکاتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG