بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ هەڵدەوەشێنێتەوە بەڵام ڕۆژی سێشەممە لە سوچی چاوی بە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤ دەکەوێت.
بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی پەمپیۆ بنکەی ئاندروزی نزیک لە واشنتنی بەجێ هێشتووە و بەرەو بڕۆکسل ڕۆشتووە، لە بڕۆکسلیش لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپیدا کۆدەبێتەوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئێران بابەتەکانی دیکە، ئەمەش پێش ئەوەی بەرەو ڕوسیا بەڕێبکەوێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند پەمپیۆ لەگەڵ بەرپرسانی فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیادا کۆدەبێتەوە، ئەم وڵاتانەش بەشدارن لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ئێراندا کە لە ساڵی 2015 دا لەنێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهاندا واژۆ کرا و ساڵی ڕابردوو ئەمەریکا کشایەوە لێی.
وابڕیارە ڕۆژی دووشەممە ئەنجومەنی کاروباری یەکێتی ئەوروپا لە بڕۆکسل کۆببنەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەو کۆبوونەوانە نەدا کە لە خشتەی کارەکانی پەمپیۆدا هەیە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز، فرانس پرێس