Accessibility links

پەمپێیۆ: سەرۆک ترامپ ڕێوشوێن بەرامبەر کۆمپانیاکانی بەرنامە چینیەکان دەگرێتەبەر


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپێیۆ وتی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆک ترامپ ڕێوشوێن بەرامبەر کۆمپانیاکانی بەرنامە چینیەکان دەگرێتەبەر کە ڕاستەوخۆ زانیاریی پێشکەشی حکومەتی چین دەکەن و هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا.

پەمپێیۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوز وتی " سەرۆک ترامپ وتی بەسە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێوشوێن دەگرینەبەر بەرامبەر کۆمەڵێک کۆمپانیای بەرنامەی چینیدا کە پەیوەندییان بە حیزبی شیوعی چینەوە هەیە."

سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی هەینی وتی فەرمانێک دەردەکات بۆ قەدەغەکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک لە ئەمەریکادا.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەرپرسانی ئەمەریکی چەند جارێک دووپاتیان کردۆتەوە تیک تۆک کە سەر بە کۆمپانیای بایت دانسی چینیە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا، ئەوەش بەهۆی چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ زانیارییە تایبەتییەکانی بەکارهێنەرەکانیەوە.

دوو سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە بە ڕۆیتەرزیان وت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخەدا کە تیک تۆک تێی کەوتووە، کۆمپانیای بایت دانس دەیەوێت هەموو ئەرکەکانی تیک تۆک ڕادەستی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بکات، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک لەگەڵ کۆشکی سپیدا. کۆمەڵێک لە هاوپەیمانەکانی سەرۆک ترامپ پشتیوانیان لەم پێشنیارە کردووە، لەوانەش سیناتۆری کۆمارییەکان لینزی گراهام.

لەلای خۆیەوە وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ستیڤن منوچن وتی لیژنەی وەبەرهێنانی بیانی لە ئەمەریکا کە پێداچوونەوە بە کاریگەریی گرێبەستە بازرگانییە بیانییەکان دەکات لەسەر ئاسایشی وڵاتەکە،تاوتوێی بابەتەکە دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG