Accessibility links

پەمپیۆ : ڕێکەوتن لەگەڵ کۆریای باکوور لەوانەیە هەندێک کاتی بوێت و سزاکان بەردەوام دەبن


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ لەگەڵ سەرۆک دانۆڵد ترامپ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ کۆریای باکووردا بۆ نەهێشتنی چەکی ناوەکی لەوانەیە هەندێک کاتی بوێت، جەختیشی لەوە کردەوە لە ئێستادا سزاکان بەردەوام دەبن لەکاتێکدا نوێنەری ڕوسیا لە پیۆنگیانگ داوای کرد گفتوگۆ لەسەر بابەتەکە بکرێت بۆ کەمکردنەوەی سزاکان.

لە لێدوانێکیدا لە میانەی کۆبوونەوەیەکی حکومی بە ڕابەرایەتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ، مایک پەمپیۆ وتی لە هەندێک بابەتدا گفتوگۆکان لەگەڵ پیۆنگیانگدا پێشڕەوی بەخۆیەوە بینیوە.

وتیشی " زۆر کارمان لەبەردەمدا ماوە، لەوانەیە هەندێک کاتی بوێت تاوەکو دەگەین بە ئامانجەکەمان. بەڵام ئەمە لە کاتێکدا دەبێت کە سزاکان بەردەوام دەبن و وەکو خۆیان جێبەجێ دەکرێن."

ئاماژەی بەوەشدا کە کۆریای باکوور دووبارە جەختی لە پابەندبوونی خۆی کردۆتەوە بۆ نەهێشتنی چەکە ناوەکییەکەیی و کاتێکیش دیاریکراوە بۆ ڕادەستکردنەوەی لاشەی ئەو سەربازە ئەمەریکییانەی کە لەمیانەی جەنگی کۆریادا لە ساڵەکانی نێوان 1950 بۆ 1953 دا کوژراون.

وتی " پێم وایە لە دوو هەفتەی داهاتوودا لاشەکان ڕادەست دەکرێنەوە. ئەوە پابەندبوونە."

سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردۆتەوە کە دەبێت سزاکانی سەر کۆریای باکوور وەکو خۆیان بمێننەوە، دەزگای ڕاگەیاندنی ڕوسیا لە زاری نوێنەری ڕوسیا لە کۆریای باکوورەوە بڵاویکردەوە وتوویەتی ڕێی تێدەچێت لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لە کەمکردنەوەی سزاکانی سەر کۆریای باکوور بکرێت.

نوێنەری ڕوسیا لە کۆریای باکوور ئەلیکساندەر ماتسیگورا وتی " ئێستا گۆڕانکارییەکی ئەرێنی ئاشکرا هەیە لە نیمچە دوورگەی کۆریادا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG